هه‌واڵ

تەیف سامی باسی هیچ شەریفێکی کردووە؟

هەرچەند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وا بڵاوکرایەوە، کە وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، کەسێک بەناوی شەریف لە لیستی سێ وەزارەتدا ناوی دووبارە بووەتەوە و گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمیش وەڵامیدایەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە تەیف سامی لێدوانی وەهای نەداوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەنگۆیەک بەشێوەیەکی بەرفرەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، کە گوایە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە لیستی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی، “شەریف ناوێک لە سێ وەزارەت دەوام دەکات و شەهیدیش بووە”، وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی ناوی دووبارە و وەهمی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا.

چەندین کەسایەتی لە نووسەران، ڕۆشنبیران و چالاکانی هەرێمی کوردستان وەک ڕاستییەک مامەڵەیان لەگەڵ ئەو دەنگۆیە کرد و لە ڕێگەی هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانکردەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس، دەنگۆکە بەتایبەت چوار ڕۆژ لەمەوبەر و لە ڕێگەی چەند هەژمارێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە بەپێی پۆست و بابەتەکانیان وا دەردەکەوێت لەلایەن یەک سەرچاوەی دیاریکراوەوە ئاڕاستە و پاڵپشتی دەکرێن. لەکاتێکدا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی بەردەست نییە کە لێدوانێکی لەو شێوەیە و لە زاری تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بخاتەڕوو.

ئەمڕۆ دووشەم، ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەهەمان شێوە وەک ڕاستییەک مامەڵەی لەگەڵ دەنگۆکە کرد و بە ئاماژەدان بە ناوی “شەریف”ەکە، وەڵامی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە.

جگە لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتارێکی بەناونیشانی “تەیف سامی باش دەزانێت چەند سەد هەزار شەریفی بندیوار لە لیستی مووچەی عێراقدا هەیە!” بڵاوکردەوە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خاوەنداریەتی لە گوتەکانی مەریوان قەرەنی، بابەتەکەی، لە هەژماری فەرمی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە.

پەیامەکانی ئەو دووانە، جارێکی دیکە لە میدیاکانی پارتی و زۆرینەی میدیاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بڵاوکرانەوە و بەوەش دەنگۆ دروستکراوەکە ئەوەندەی دیکە وەک لێدوانی ڕاستەقینەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەئاست ڕای گشتی هەرێمی کوردستان دەرکەوتەوە.

هەرچەند، بە ڕاستەوخۆیی هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیەکی نەبووە، بەڵام وەک زێدپرێس تێبینی کرد، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، وەک نیشانەی پاڵپشتی لە گوتارەکەی مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، کە لە هەژماری فراکسیۆنەکە بڵاوکراوەتەوە، لایکی پۆستەکەی کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...