وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تا ساڵی ڕابردوو تەنیا نزیکەی ٢٥ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان هەژماری بانکییان هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ ٥٠٠ هەزار کەس هەڵکشاوە کە لە ڕێگەی زیاتر لە ٢٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارەوە، مووچەکانیان وەردەگرن.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ساڵی داهاتوو، زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان دەبن بە خاوەنی هەژماری بانکی و ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەیش بۆ هەزار (ATM) بەرز دەکرێتەوە.
پێوەست بە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێ: “هەرێمی کوردستان پێ دەنێتە ناو قۆناغێکی نوێی ئابوورییەوە”.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، تاکوو ئێستا ٢٨٠ هەزار کارتی بانکی بەسەر بەشداربووانی “هەژماری من”دا دابەشکراونەتەوە و مانگی پێشوویش ١٢٠ هەزار مووچەخۆر لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک مووچەکانیان بە شێوازی دیجیتاڵی وەرگرتووە.