
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار
یەکەم: ماوەیەک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند کە (لە نێوان ١٠\٢ تا ١٠\٣\٢٠٢٥) دەست دەکات بە فرۆشتنی بۆند (سەنەد) بە دیناری عێراقی، بە ڕێژەی ٧٪ قازانجی ساڵانە بۆ بۆندی ١ ملیۆنی و ٦٪ قازانجی ساڵانە بۆ بۆندی ٥٠٠ هەزاری. هەر کەسێکیش ئەم بۆندانە بکڕێت هەر ٦ مانگ جارێک قازانجەکەی وەردەگرێت. کەواتە ئەگەر هەر کەسێک بایی ١ ملیۆن دینار بۆندی کڕیبێت، تا کۆتایی ساڵ ٧٠ هەزار قازانج لە حکوومەت وەردەگرێت، پارەکەیشی لای دەوڵەتی عێراقە و هیچ مەترسییەکی نییە.
لە بنەڕەتدا وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەری کێشەی کەمی سیولە (پارەی بەردەست) ئەم ڕێگای گرتەبەر، بەڵام بە کردار ئاڕاستەی وەبەرهێنەرانی بواری دارایی گۆڕی لە دۆلاری کاشەوە بۆ بۆند. بۆ خەڵک ئەمە وەبەرهێنانێکی سەلامەت و بێ کێشەیە. وا دیارە لە ماوەیەکی قیاسی کورتدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ڕاکێشانەوەی بڕێکی زۆری دینارەکانی ناو بازاڕ. خەڵکێکی زۆر کە پارەکانیان بە دۆلار هەڵگرتبوو، فرۆشتیان بە دینار و دایان بە بۆندەکانی وەزارەتی دارایی تا لە ماوەی ٢ ساڵدا قازانجی ١٤٪یان دەست بکەوێت. ئەگەر تۆ بە بەهای ١٠ ملیۆن دینار بۆندت کڕیبێت، تا ١٠\٢\٢٠٢٧ دەبێتە ١٤ ملیۆن. ئەمەش خواستی سەر دیناری بەهێز کرد لە بەرانبەر دۆلار و هەموو دراوە بیانییەکانی تر. ئەمە یەکەم و کاریگەرترینی ئەو فاکتەرانەیە کە ڕۆڵیان هەبووە لە زیادکردنی بەهای دینار لەم ڕۆژانەی دواییدا.
دووەم: فشار و هەڕەشەکانی ئیدارەی تڕەمپ بەتەواوی دەستی ئەو کۆمپانیا و بانک و کەسایەتییانەی کورتکردەوە کە پێشتر دۆلاری بازاڕە نافەرمییەکانیان دەچنیەوە و دەیاننارد بۆ قاسە و هەژمارەکانی هەندێک وڵاتی دراوسێ کە لە لایەن ئیدارەی ئەمریکا و گەنجینەی ئەو وڵاتەوە سزا دراوە. ئێستا هەردوو حکوومەتی بەغدا و هەولێریش تێگەیشتوون لەوەی کە یاریکردن لەگەڵ ئیدارەکەی تڕەمپ، زۆر زۆر مەترسیدارە. ئیتر ناتوانن وەک جاران چاو لە قاچاخی دۆلاری کاش بپۆشن، یان ئاسانکاری بۆ بکەن.
سێیەم: بانکە عێراقییەکان بە پشتبەستن بە چەند بانکێکی نێوەندگیری ئوردنی، تا ڕادەیەکی باش توانیویانە پرسی پارەدارکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و هاوردەکردن چارەسەر بکەن. ئیتر بازرگانەکان (لانی کەم بازرگانە گەورەکان) پێویستیان بەوە نەماوە لە بازاڕە نافەرمییەکەدا دۆلاری کاش بکڕن، ئەوان دۆلاریان بە نرخی فەرمی (١$=١٣٢٠ دینار) دەست دەکەوێت، ئەمەش بڕێکی زۆر لەو فشارانەی کەمکردووەتەوە کە ئەم بازرگانانە پێشتر لە سەر بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دروستیان کردبوو.
لە دوای ئەم سێ هۆکارە، گرنگە باسی ڕۆڵی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیش بکرێت. ڕاپۆرت و توێژینەوەی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن لە ڕەمەزاندا خواست لە سەر ماددە خۆراکییەکان زیاد دەکات و دواجاریش نرخەکانیان گران دەبن. هەربۆیە ئەگەر ئەم فاکتەرانەی دابەزاندنی بەهای دۆلار پێش، یان لە پاش، ڕەمەزان دەرکەوتبایەن، بە دڵنیاییەوە کاریگەرییان زیاتر دەبوو لەوەی کە ئێستا هەیە.
ئێستا دیارە هۆکارەکان چین و بۆچی بەهای دۆلار دابەزی، بەڵام مانا و کاریگەرییەکانی چین؟ و چۆنن؟
یەکەم، تا ئەو ڕادەی کە بۆند-فرۆشتنی وەزارەتی دارایی ڕۆڵی هەیە، ئاڵوگۆڕەکانی بەهای دینار بە دۆلار ئاسان و نەرم و لەسەرخۆ دەبن، هەمیشە گۆڕانکارییەکان لە نێوان ٣ بۆ ٥٪ی کۆی گشتی بەهای دینار دەبێت؛ ئەمە تا ئەو کاتەی کە وەزارەتەکە ماوەی بۆندفرۆشتن زیاتر نەکات. بەڵام فاکتەرەکانی دووەم و سێیەم ئەگەر بە باشی ئیدارە نەدرێن، دەکرێت ببنە هۆی ناسەقامگیری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو و دواتریش هەموو ئەو گرفتە ئابووری و داراییانەی لەم ناسەقامگیرییەوە سەرچاوە دەگرێت.
نرخی ئێستای دینار (١$١٤٧٠دینار)، هێشتا زۆر کەمترە لە نرخی فەرمی کە (١$١٣٢٠ دینار)ە، ئەمەش دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی دواکەوتوویی ئیدارەدانی دارایی گشتی و ئابوورییە کرێخۆرییەکەی عێراقە. سەرەتا باجی زیادەڕۆییکردنە لە پشت بەستن بە هاوردەکردن (بۆ نمونە لە ٢٠٢٣ عێراق بە بەهای ٧٥ ملیار دۆلار کاڵا و خزمەتگوزاری هاوردە کرد، لە کاتێکدا هەموو داهاتە نەوتییەکانی ٨٧ ملیار دۆلار بوو). بەشێکیشی باجی ئەو واقعە جوگرافی و ئابوورییەیە کە عێراقییەکانی کردووەتە شەریکی بازرگانی ئێران، سووریا و ڕووسیا.