ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی گازی لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەهمی واژۆ کردووە

محەمەد جاسم خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکات، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەیەکی گازی ئەنبار، لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەهمی واژۆ کردووە، بە جۆرێک کە گرێبەستەکە هەیە، بەڵام کۆمپانیاکە لە تەنیا ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی پێکهاتووە.

 

خەفاجی، ئاماژەی بەوە، حەوت مانگە کار لەسەر دۆسیەی کێڵگەی گازی عەکاز دەکەن لە پارێزگای ئەنبار کە گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازە لە عێراقدا.

 

ئاشکرای کرد، لێپرسینەوەیەکی گشتگیریان پێشکەش بە وەزیری نەوت کردووە، بەڵام لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەوە ڕاگیراوە.

 

بەگوێرەی نووسراوێک کە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ئەو ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ دەستەی دەستپاکی ناردووە، پاڵپشت بە نائامادەیی ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ کردووە لە کێڵگەکە و هەروەها بەپشتبەستن بە لێدوانێکی سەرۆکی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیی ئۆکراینی لە عێراق، کە گومانی لەسەر توانای کۆمپانیاکە دروستکردووە بەراورد بە قەبارەی ئەو کێڵگە و گرێبەستەی واژۆ کراوە، لەو ڕوانگەیەوە پەرلەمانتارەکە داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لە دەستەی دەستپاکی کردووە.

کێڵگەی گازی عەکاز، کەوتووەتە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی عێراق دادەندرێت. یەدەگی گازی کێڵگەکە بە ٥.٣ ترلیۆن پێ سێجا لە گازی سروشتی دەخەمڵێندرێت.

 

محەمەد جاسم خەفاجی، ڕوونی دەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١١دا، گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای کۆگاسی کۆری واژۆ کراوە، وەک بەشێک لە گەڕی سێیەمی مۆڵەتپێدان، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی ڕاستەقینەی بەدوادا نەهاتووە. تاوەکوو لە ساڵی ٢٠١٤دا، کۆمپانیاکە بەهۆی شەڕی داعشەوە پاشەکشەی کرد و پاشان خشتەی کارکردن بۆ پڕۆژەکە دانرایەوە و دواتر تیمێک لە وەزارەتی نەوتەوە پێکهێنرا بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمپانیا جێگرەوەکان، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو.

 

خەفاجی دەڵێ: “لەماوەی نێوان کشانەوەی کۆمپانیا کۆرییەکە و گەڕان بەدوای کۆمپانیای جێگرەوەدا، تیمێکی عێراقی، بە هەوڵی نیشتمانی، کێڵگەکەیان بەڕێوەبرد و گەیشتنە توانای بەرهەمهێنانی باش”.

 

زیاتر دەڵێ: “لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆکراینی بەناوی ئۆکریزم ڕیسۆرس واژۆ کرا و دواتر کۆمپانیای کۆگاسی کۆری دەستبەرداری گرێبەستەکەی بوو بۆ کۆمپانیا ئۆکراینییەکە”.

 

ئەو، لەبارەی کۆمپانیا ئۆکراینییەکەوە دەڵێ: “ئەوەندە شەفافە کە نابینرێت!”.

 

پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیا ئۆکراینییەکەیان واژۆ کردووە، لە دوو ساڵی یەکەمدا، ڕۆژانە ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا و لە ماوەی چوار ساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانەکەی بۆ ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا بەرز دەبێتەوە. لەکاتێکدا سەرچاوەکانی وەزارەتەکە، ئاماژە بەوە دەکەن، کە یەکەم بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی عەکاز لە ئاداری ٢٠٢٣ و بە توانای ڕۆژانەی ٦٠ ملیۆن پێ سێجا دەستی پێکردووە.

 

محەمەد جاسم خەفاجی زیاتر ئاماژەیدا: “کۆمپانیا ئۆکراینییەکە پلانی بازرگانی پێشکەش کرد، بەڵام وەزارەتی نەوت بە نوێنەرایەتی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، ڕەتیکردەوە ڕەزامەندی لەسەر بدات، تاوەکوو ٥٠ ملیۆن دۆلار وەک گرەنتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دادەنێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا کۆمپانیاکە ئەو گرەنتییەی پێشکەش نەکردووە”.

 

باسم غریباوی ئەندامێکی دیکەی پەرلەمانی عێراق، بۆ میدیاکانی عێراقی دووپات کردەوە، کۆمپانیا ئۆکراینییەکە ئەو ٥٠ ملیۆن دۆلار گرەنتییەی دابین نەکردووە، کە دەبوو بەپێی گرێبەستەکە دابینی بکات، بەو حاڵەیشەوە، هۆکاری واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە “تاکە کۆمپانیا بوو داوای پەرەپێدانی کێڵگەی عەکازی کرد، بۆیەش وەزارەتی نەوت گرێبەستەکەی لەگەڵ واژۆ کرد”.

 

هاوکات، زەینەب موسەوی ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، سەرەڕای پێداگیری لەسەر بایەخی گەورەی کێڵگە گازییەکە، بەڵام کۆمپانیایەکە بە “لاواز” و “وەهم”ی وەسف دەکات، بەهۆی ئەوەی هیچ ناونیشانێکی فەرمی نییە و پێشینەیەکی ڕوونیشی لە کەرتی وزەدا نییە، بەڵکوو ئەوەی هەیەتی، تەنیا ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنییە. موسەوی دەڵێ: “ئەوەش پرسیار لەسەر توانای کۆمپانیەکە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بەم قەبارەیە دروست دەکات”.

 

بەگوتەی خەفاجی، دوای چەند کۆبوونەوە و ڕێکارێک، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیا ئۆکراینییە مایەپووچ و یان وەهمییەکە کرد”.

 

بەگوێرەی نووسراوێکی دیکەی پەرلەمانتارەکە، کە لە ٢٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ دەستەی دەستپاکی ناردووە، بە وروژاندنی گومانی گەندەڵی لەو گرێبەستەی لە نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا ئۆکراینییەکە واژۆ کراوە، جارێکی دیکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی کراوەی کردووە.

هەرچەند تاوەکوو ئێستا، بەدواداچوونێکی کرداری لەلایەن دەستەی دەستپاکی و ڕوونکردنەوەیەکیش لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە نییە، بەڵام پەرلەمانتارەکە، درێژەدان بە هەوڵەکانی بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەکە دووپات دەکاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button