هه‌واڵ

کەریم شکور لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ڕووداوی تەقەکردنەکە نیگەرانە

زێدپرێس

بە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕووداوی تەقەکردنەکەی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی حزبەکە، نیگەرانی دەردەبڕێت و دەڵێت گرتە ڤیدیۆییەکە قرتێنراوە و ئامانج لێی بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکەیە.

ئەمڕۆ هەینی ١١ی ئابی ٢٠٢٣، د. کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی حزبەکە لە شارۆچکەی دووزخورماتوو، ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەسەر بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوی تەقەکردنەکە لەبەردەم بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانی و ڕووداوەکە بە ڕووداوێکی “سەپێنراو و نەخوازراو” لەقەڵەم دەدات، کە “ھەندێ کەناڵ و پەیجی ناسراو و نەناسراو بەمەبەستی زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە و بەلاڕێدابردنی کەیسەکە بەکاریانھێناوە”.

ڕوونکردنەوەیەکی کەریم شکور کە هاوکات جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ پێنجشەم ١٠ی ئاب، لەلایەن دوو گەنجەوە، کە یەکێکیان کوڕی محەمەد گلی، کادیری یەکێتیی نیشتمانی و بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی فراکسیۆنی بەدری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لە خورماتوو، بەمەبەستی بانگهێشتکردنی بەرپرسەکەی یەکێتی، سەردانی مەڵبەندی حزبەکەیان کرد و لەبەردەم بارەگای مەڵبەنددا، کارتێکی بانگهێشتانەیان دایە دەست کەریم شکور، لەکاتێکدا ناوبراو لەگەڵ پاسەوانەکانی خەریک بوو لە بارەگاکە دەردەچوو.

وەک لە ڤیدیۆی ڕووداوەکەدا دەردەکەوێت، بەرپرسەکەی یەکێتیی نیشتمانی، ڕاستەوخۆ کارتەکە پارچە پارچە دەکات و پاشان بەخۆی و پاسەوانەکانییەوە پەلاماری گەنجەکان دەدەن. یەکێک لە گەنجەکان تەقە دەکات و پاسەوانەکانیش بەهەمان شێوە تەقە دەکەن و پێش ئەوەی گەنجەکان خۆیان بگەیەننە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان، کوڕەکەی محەمەد گلی بریندار دەکرێت، پاشان پاسەوانەکانی مەڵبەند و بەرپرسەکەی یەکێتی، ڕێگەیان دەدەن بڕۆن.

هەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا، کەریم شوکر زیاتر نیگەرانی دەردەبڕێت، لەوەی کە گرتە ڤیدیۆییەکە “پێش تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەشێوەیەکی گوماناوی و مەبەستدار بەدەستکاری و لێبڕینی زۆرەوە دزەی پێکراوە بۆ سۆشیال میدیا و ڕای گشتی، ئەمە لەکاتێکدا کە ئێمە تەواوی بەڵگەکانمان پێشکەش بەلایەنی پەیوەندیدار کردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بڕیاری دادگاین بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکە”.

هەر دوێنێ پێنجشەم، دوا بە دوای ڕووداوەکە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی کەریم شکور ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕووداوەکەی بە هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ تیرۆرکردنی خۆی لە قەڵەم دا.

لە ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆ هەینیشدا دەڵێ “ئەم ھەوڵانەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەڕاستی پیلانێکی مەترسیدار ھەیە بۆ زیاتر تێکدانی ئاسایشی شارەکە و ڕێگریکردن لە کاروانی ئاوەدانی و زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان. سەرباری ھەموو ھەوڵە نەزۆکەکانیش بڕیارمانداوە بە گیانی بەرپرسیارێتی و ھەستیاری زۆرەوە چاودێری دۆخەکە بکەین و ڕەچاوی بارودۆخی گشتی و ئارامی شار دەکەین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...