
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ڕاسپاردەی بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە لە زووترین کاتدا هەنگاوی کردارى بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین بنێن و لە هەموو بڕیارەکاندا بەرژەوەندیی هاووڵاتیان لە پێشەوە بگرن.
کۆبوونەوەکە بە دەرکردنی چوار بڕیاری سەرەکی کۆتایی هات:
یەکەم: بڕیار درا بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراوی حکومەت بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام بێت و تەنها لە بەنزینخانە پابەندەکان بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابەش بکرێت، بۆ پاراستنی نرخ و دڵنیابوون لە کوالێتیی ماددەکە.
دووەم: وەزارەت ڕاسپێردرا پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی سوپەر و محەسەن بکات، بە جۆرێک کە لەگەڵ دۆخی بازاڕی هەرێمی کوردستان بگونجێت و هەروەها ڕێگری لە قازانجی ناڕەوا بکرێت. هەروەها بڕیار درا ئاسانکاری بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانە بکرێت کە لە بەرهەمهێنانی ئەم دوو جۆرە بەنزینەدا بەکاردەهێنرێن.
سێیەم: حکومەتی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد ڕێژەی نەوتی خاوی دابینکراو بۆ هەرێم، کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە، بگاتە 126.7 هەزار بەرمیل، بە پێی ئەو ڕێژەیەی (%12.67) کە بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دیاریکراوە.
چوارەم: جەخت لەسەر پێویستیی ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و مۆنۆپۆڵی لە بازاڕی سووتەمەنی، بە تایبەتی لە بواری بەنزین، کرایەوە.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدا دەردەچن کە هەرێمی کوردستان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانێکی دابینکردنی بەنزین بووەوە، قەیرانێک کە بووە هۆی تەواوبوونی بەنزین لە ژمارەیەک لە بەنزینخانەکان، دروستبوونی ڕیزی درێژ و زیادبوونی نیگەرانیی هاووڵاتیان سەبارەت بە بەردەوامبوونی دابینکردنی سووتەمەنی. حکومەتی هەرێم ئێستا هیوادارە بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە، بازاڕی سووتەمەنی ئارام بکرێتەوە و کێشەی کەمیی بەنزین لە زووترین کاتدا چارەسەر بکرێت.


