هه‌واڵ

د. دیندار زێباری: ئازادی ڕۆژنامەنووسی بەڕێژەی ٧٠٪ پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتی بەراوردکاری پلانی هەرێمی، ئازادی ڕۆژنامەگەری بە ڕێژەی زیاتر لە ٧٠٪ گەشەی کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

د. دیندار زێباری  ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لە گەشەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئاماژە بە کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەکات، کە ڕایگەیاندبوو، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵە بە بەرەو پێشچوونی ئاستی ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێم” و هەروەها ئاماژەیش بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان و چەند ڕێکخراوی دی دەکات کە ڕایانگەیاندووە  “ئاستی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە”، هەروەها باس لەوە دەکات کە “پێشتریش کۆمیسۆنی ئازادییە ئایینییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان گوتاری ئایینی و سیاسی لە میدیاکان یاخود ببێتە هۆی ڕق و توندوتیژی، تیرۆر و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای ئیتنی، ئایینی، یان زمان قەدەغەیە”.

 

زێباری دەڵێ: “پێشوازی لەم هەڵوێست و ڕاگەیەندراوانە دەکەین و بەرزیان دەنرخێنین، حکوومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە پرسی ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین دەڕوانێت وەک یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و کار دەکات بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بەم بوارە بدرێت”.

 

هاوکات باس لەوە دەکات، کە لە میانەی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی لە بەشی شەشەمی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)دا هاتووە تایبەت بە ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی، کۆمەڵێک ڕێکاریان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە کردووە و مەبەست لەم ڕێکارانە “پتەوکردنی ئەو کەشەی ئازادەی بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان فەراهەم کراوە تاکو بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی ئەرکی ڕۆژنامەگەریدا کاری خۆیان ئەنجام بدەن و هاوکاریی حکوومەت بن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.”

 

لە بارەی گرنگیی ڕێکارەکان دەڵێ: “ئەم ڕێکارانە لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوو بە تایبەتی جێبەجێکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی، هەموارکردنی یاساکە ئەگەر پێویست بوو، میکانیزمی لێپێچینەوە لە پێشێلکاری لە بارەی ئازادی ڕادەربڕین، خێراکردنی پڕۆسەی پێدانی زانیاری لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکان، خێراکردنی پڕۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی ڕۆژنامەگەری، جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و چەند ڕێوشوێنێکی دیكە. لەگەڵ خودی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم لە پەیوەندی بەردەوامدا بووین بۆ جێبەجێکردنیان بە باشترین شێوە، لایەنەکانیش هەوڵیانداوە بەپێی توانا و یاسا بەرکار و ڕێنماییەکان ئەم ڕێکارانە جێبەجێ بکەن، لە هەمان کاتدا لایەنە نێودەوڵەتییەکان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانیش هاوکار  و ئاگاداری ئەم هەوڵانە بوون.”

 

سەبارەت بە بەرەو پێشچوون لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان دیندار زێباری گوتی: لە پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (١١) ڕاسپاردە تایبەتن  بە ئازادی ڕۆژنامەنووسی، دوای ئامادەکردنی ئەو ڕێکارانە و بەپێی ڕاپۆرتی بەراوردکاری نووسینگەی ڕێکخەری |ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە نێوانی ساڵانی 2022 و 2023 ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بەم شێوەیە بوو:

 

لە ساڵی 2022 تەنیا (1) ڕاسپاردە جێبەجێکراون و (5) ڕاسپاردە جێبەجێ نەکرابوون، (5) ڕاسپاردە لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون.

 

لە ساڵی 2023دا (٧) ڕاسپاردە جێبەجێکراون و (1) ڕاسپاردە جێبەجێ نەکراوە و (3) ڕاسپاردە لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون.

 

“بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازادی ڕۆژنامەگەری لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە (٧٠) زیادی کردووە و ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسی گەواهیدەری ئەم پێشکەوتنەن، ئەمەش نیشانەی پەرەپێدانی ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنوسان و گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمە بەم پرسە”، د. دیندار زێباری وای گوتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...