
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەمووزی 2026 بە بەشداری بەرپرسانی بەشی نەوت و کانزاکان ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا پێنج بڕیاری سەرەکی دەرچوو.
یەکەم، وەزارەت ئاشکرای کرد هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دابین دەکرێت. بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هەرێم ئێستا تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا وەردەگرێت، لە کاتێکدا وەزارەت پێی وایە بە پێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم، ئەو بڕە دەبێت بگاتە 126 هەزار و 700 بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
دووەم، بڕیار دراوە بڕی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراوی حکومەت کە بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیتر دابین دەکرێت، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاد بکرێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشار لەسەر بازاڕ.
سێیەم، وەزارەت بڕیاری چاودێریی ڕۆژانەی بەنزینی بازرگانی داوە، بە تایبەتی جۆرەکانی نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر، بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و گونجانیان لەگەڵ دۆخی واقعی بازاڕی هەرێمی کوردستان.
چوارەم، بڕیار دراوە کاری لێژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان فراوانتر بکرێت، بۆ پاراستنی کوالێتیی بەنزین و چاودێریکردنی شێوازی دابەشکردنی.
پێنجەم، وەزارەت ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ هاوردەکردنی بەنزین و ماددە کیمیاویە پێویستەکان، بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێنمایی و مەرجەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدا دەردەچن کە هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانی بەنزین بووەتەوە و هەر لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری حکومەت بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، نزیکەی تێکڕای بەنزینخانەکان بەتایبەت لە هەولێر و دهۆک داخراون. لەو چەند ڕۆژەدا حکومەت بەردەوام ڕایگەیاندووە کە هەوڵ دەدات بە زیادکردنی دابینکردن، چاودێریی نرخ و کوالێتی و دابینکردنی نەوتی خاو، ئارامی بۆ بازاڕی سووتەمەنی بگەڕێنێتەوە، بەڵام هێشتا بارودۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە و تەنانەت بەنزین بە نرخی بەرزتر لە جارانیش دەست ناکەوێت و وا دەردەکەوێت بڕیاری کەمکردنەوەی بەنزین بە تەواوەتی شکستی هێنابێت.



