هه‌واڵ

زیانمەندانی سووتانی بازاڕی قەیسەری لە باج و کرێی ساڵێک دەبەخشرێن

هەر زیانمەندێکی سووتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر، ئەگەر کرێچی حکوومەت بێت لە کرێی ساڵێکی دووکانەکەی دەبەخشرێت و سەرجەم دووکاندارە زیانمەندەکانیش لە کرێی شەش مانگی خۆڵ و خاشاک و لە نیوەی پارەی باجی ساڵی ڕابردوو و تەواوی باجی ئەمساڵ دەبەخشرێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ دووکاندارانی زیانمەندی سووتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر کۆبوونەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، چەند بڕیارێک “لەبەرژەوەندی کاسبکارانی بازاڕەکە و لە پێناو پاراستنی شوێنە گشتییەکان و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە دراون” ڕاگەیەندران.

 

بڕیارەکان ئەمانەن:

 

  • دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکاری کارنەکردنی سیستەمی جێگیری ئاگرکوژێنەوەی بازاڕی قەیسەری.
  • پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەی سەرتاسەری بازاڕەکە و کردنەوەی بە ڕووی هاووڵاتییان.
  • لەو شوێنەی بازاڕی قەیسەری کە بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زووترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی ناوەوەی دووکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و سەقفی گشتیی بازاڕەکە.
  • چارەسەرکردنی سەرجەم کەموکوڕییەکانی ئاو و کارەبای بازاڕەکە.
  • هەڵگرتنی سەرجەم سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسییانەی کە دەبنە هۆکاری دروستبوونی ڕووداوی لەو شێوەیە، بەتایبەتی نەهێڵانی هەڵواسینی پەردە لە دووکانەکان کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بووە.
  • ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتی سیکیوریتی، نامێنن و لە شوێنی ئەوان پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.
  • هەر دووکاندارێک کە کرێچی حکوومەت بێت و لەو ئاگر ەوتنەوەیە زەرەر و زیانی پێگەیشتبێت، لە کرێی یەک ساڵی دووکانەکەی دەبەخشرێت.
  • سەرجەم ئەو دووکاندارانەی کە لە ئاگرکەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون لە کرێی (شەش مانگ)ی زبڵ و خاشاک و تابلۆی دووکانەکانیان دەبەخشرێن.
  • سەرجەم ئەو دووکاندارانەی کە لە ئاگرکەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵی 2023 لە (50%)ی باج و بۆ ساڵی 2024 لە (100%)ی باج دەبەخشرێن.
  • هەر دووکاندارێک بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕی قەیسەری زەرەرمەند بووبێت، دوای وەرگرتنی نووسراوی پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنی قەرزی بێقازانج لە “بانکی جیهان” بەپێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی بۆ ماوەی (24) تاکوو (36) مانگ سوودمەندبێت.
  • هەر دووکاندارێک بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە، پارەی لە نێو دووکانەکەی (تەنیا دیناری عێراقی) سووتابێت و بەڵگەی پێویستی لەبەردەست بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت هاوکاری دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەی لە بانکی ناوەندی لقی هەولێر.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...