ئابووریدۆسیه‌سیاسییاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوت لە لایەن تورکیا بازاڕەکانی جیهان دەهەژێنێت

ئەمیر گوربوز

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

 

نزیکەی پێنج مانگە لەو کاتەوەی تورکیا هاوردەکردنی نەوتی لەڕێی بۆڕییە نەوتییەکانی نێوان عێراق-تورکیا ڕاگرتووە، دوای ئەوەی ژووری بازرگانی جیهانی (ICC) بڕیاری کۆتایی لەسەر ناکۆکییە نۆ ساڵییەکەی نێوان دوو وڵاتەکە دەرکرد. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەم مانگە سەردانێکی دیپلۆماسییانە بۆ بەغدا بکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی دووبارە بەکارخستنەوەی بۆڕییە نەوتییەکان، بەڵام دەرئەنجامە ئابووری، سیاسی و یاسایییە نەرێنییەکانی ئەم ناکۆکییە خەریکە کەڵەکە دەبن، لە کاتێکدا ملیۆنان بەرمیل نەوت لە بەندەرەکان گیریان خواردووە -سەرەڕای سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، بۆ بەغدا، کە تێیدا بە ئاشکرا باسی لە کۆسپەکان نەکرد.

 

هۆکاری بنەڕەتی ناکۆکییەکە مشتومڕە لەسەر ئەوەی تورکیا ڕێککەوتنێکی ٥٠ ساڵەی گواستنەوە لەڕێی بۆڕی نەوت پێشێل کردبێت، دوای ئەوەی ڕێگەی داوە نەوت لە کێڵگەکانی ژێردەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکرێت بەبێ ڕەزامەندی عێراق. بەڵام لەوەتەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس بڕیاری قەرەبووکردنەوەی عێراقی داوە بە بڕی ١.٥ ملیار دۆلار، کاردانەوەی تورکیا ڕاگرتنی هاوردەکردنی نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەڕێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، کە ئەو نەوتە دواتریش لەڕێی بەندەری جیهانەوە تێکەڵی بازاڕەکانی جیهان دەبوو. ئەو کاردانەوەیە سێکتەری نەوتی لەرزاندووە و قەیرانێکی ناوچەیی و بگرە جیهانیشی دروست کردووە.

 

ئەردۆغان ململانێی نێوان حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکوومەتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری کێشەکە دەزانێت. بەڵام بەرپرسانی عێراق و هەرێم ئەوە ڕەت دەکەنەوە و تورکیا تۆمەتبار دەکەن. هەرچەندە سەرەتا تورکیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد بە بڕیارەکەی ژووری بازرگانی جیهانی پابەند دەبێت، زوو دەرکەوت کە نیازی دانوستانی لەسەر ئەو ١.٥ ملیار دۆلارە هەیە، هەروەها هەوڵی چارەسەرکردنی داوای دووەمی بەغدا دەدات، لەسەر هاوردەکردنی بێ مۆڵەتانەی نەوت لە ٢٠١٨ بەدواوە. ئێستاش، هیچ نیشانەیەک نییە پیشانی بدات تورکیا بەم زووانە دەست بە هاوردەکردنی نەوت بکاتەوە.

 

ئەو بۆڕییانەی نەوت، نزیکەی ١٠٪ نەوتی هەناردەکراوی عێراقیان پێک دەهێنا، کە دەکاتە ٠.٥٪ نەوتی بەرهەمهێنراوی جیهان

 

هاوردە نەکردنی نەوت لە لایەن تورکیاوە و فشارخستنە سەر عێراق بۆ ئەوەی پابەند بێت بە داواکانی، هەڕەشە لە ناجێگیرکردنی بۆڕییە نەوتێک دەکات، کە کاریگەری بەسەر جێگیری ئابووری ناوچەکە و جیهانەوە هەیە. ئەو بۆڕییانەی نەوت، نزیکەی ١٠٪ نەوتی هەناردەکراوی عێراقیان پێک دەهێنا، کە دەکاتە ٠.٥٪ نەوتی بەرهەمهێنراوی جیهان -عێراق دووەم بەرهەمهێنەری ئۆپێکە. ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوت لە لایەن تورکیاوە ڕاستەوخۆ بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەروو ٧٠ دۆلار. هەروەها، داهاتی هەناردەکردنی نەوت نزیکەی ٨٠٪ بودجەی ساڵانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پێک دەهێنا، بەمەش تەواوی حکوومەتەکە کەوتووەتە ژێر هەڕەشەوە.

 

ئیتاڵیا، ١٣٪ پێویستییە نەوتییەکانی بە نەوتی عێراق پڕ دەکاتەوە، نیوەی ئەو بڕەش لەو کێڵگانەوە دەهات کە بەدەست حکوومەتی هەرێمەوە بوون

 

گەمارۆکە بەردەوامە و بڕی نەوت لە جیهاندا کەمی کردووە، ئەوەش لە هەمان کاتدا هۆکار بووە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، بە تایبەتیش کاریگەری بەسەر یەکێتیی ئەورووپا هەبووە، کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو هاوردەکردنی نەوتی عێراقیان زیاد کردووە وەک یەدەگێک بۆ گازی ڕووسیا. ئیتاڵیا بە نموونە، ١٣٪ پێویستییە نەوتییەکانی بە نەوتی عێراق پڕ دەکاتەوە، نیوەی ئەو بڕەش لەو کێڵگانەوە دەهات کە بەدەست حکوومەتی هەرێمەوە بوون. بە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم، ئەوروپا لە بارودۆخێکی هەستیاردایە بەبێ بوونی چارەسەرێکی خێرا و ئاسان.

 

گەمارۆیەکی درێژخایەنتر، کە هەر خۆی زیانی ٢ ملیار دۆلاری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوە، دەکرێت ئابووریی هەرێمەکە بڕووخێنێت و ببێتە هۆکاری داماڵینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەربەخۆیی. چەندان ساڵە، حکوومەتی هەرێم کێشەی لەگەڵ بڕینی بەشە بودجەکەی هەیە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراق. ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، دەکرێت شەپۆلێکی کۆچکردن دەست پێ بکات؛ دەیان هەزار کوردی عێراقی کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا، هەروەها دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتریش بڕۆن.

 

داڕمانە ئابوورییەکە -کەمی بودجەی پێویست لە حکوومەتی ‌هەرێم و حکوومەتی بەغداش- دەکرێت ببێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی کارەساتئامێز لە ناوچەکە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی گرووپی میلیشیایی، وەک داعش، سوودی لێوەرگرن، سەرئەنجام ببێتە هۆی ناجێگیری زیاتر. لە کاتێکدا دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم لە پەلوپۆخراون بەهۆی قەیرانی هەناردەکردنی نەوتەوە، عێراقیش مەترسی لەدەستدانی قەڵغانی بنەڕەتی لە دژی داعشی لەسەرە -بە تایبەت ئەگەر هێزەکانی ئاسایشی کوردستان ناچار بکرێن ئاڕاستەی سەرنجیان لە پاسەوانیکردنی زیندانەکانی هەرێم بگۆڕن.

 

هەرچەندە هەولێر، پایتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەغدا لە سەرەتای نیسان گەیشتنە ڕێککەوتنێک، کە هیوابەخش بوو تورکیا بیانگەی دیکەی نەمێنێت بۆ دەست پێکردنەوەی هاوردەکردنی نەوت لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایارەوە، هیچ نیشانەیەکی ئومێدبەخش لە بەرەی ئەنقەرە نەبووە.

 

دۆخە چەقبەستووەکە وای کردووە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە عێراق، وەبەرهێنان بە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کەم بکەنەوە

 

مەترسییەکان زۆرن: درێژبوونەوەی ناکۆکییەکە مەترسیی تێکشکانی وەبەرهێنانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق، ناجێگیریی ئابووری لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق، هەروەها هەوڵەکانی ڕووسیا و ئێرانیش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە جیۆپۆلیتیکییە، زیاد دەکات. دۆخە چەقبەستووەکە وای کردووە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە عێراق، وەبەرهێنان بە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کەم بکەنەوە، دەستبەرداری سەدان کرێکار ببن، هەروەها هەڕەشەی ڕێکاری یاسایی بەرانبەر حکوومەتە بەرپرسیارەکان بکەن. بە درێژەکێشانی قەیرانەکە، ناوبانگی عێراق لەلای وەبەرهێنەران زیانێکی زۆری پێدەگات.

 

بەڵام گەورەترین مەترسییەکان دروست دەبن ئەگەر هەولێر بەردەوام ملیاران دۆلار لەدەست بدات، لەڕێی لەدەستدانی داهاتی نەوت بەهۆی کێشەی بۆڕییە نەوتییەکان. هەندێک لە نەوتەکەی ڕەنگە لەڕێی ئێرانەوە دەربچێت، لە کاتێکدا تورکیا ڕەنگە ڕوو بکاتە ئێران یان ڕووسیا بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە نەوتییەکانی خۆی. بەرئەنجام، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ژیانی بەندە لەسەر داهاتی نەوت، دەکرێت بڕووخێت، ببێتە هۆکاری دروستبوونی ناکۆکییەکی بیرۆکراسی لە نێوان دوو لایەنە دژیەکە سەرەکییەکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (PUK) و پارتی دیموکراتیی کوردستان (KDP)، دوواتریش بگۆڕێت بۆ شەڕی ناوخۆ.

 

هەرەسهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆشایییەک دروست بکات، کە ئێران بێتە ناوەوەی، ئەمەش ببێتە هۆکاری زیادبوونی گرژییەکان و جەنگێکی ناوخۆیی لە تەواوی وڵاتەکە

 

ناجێگیری لە هەرێمی کوردستان دەکرێت خۆی بخزێنێتە ناو عێراقیش، کە خۆی بەدەست ناکۆکییە سێکتەرییەکانەوە دەناڵێنێت. ساڵی ڕابردوو، ئێران هێرشی بۆ سەر گرووپە دژەکانی ئێران لە کوردستان دەست پێ کرد، هەروەها زیادبوونی خۆهەڵقورتاندنی لە کاروبارەکانی هەرێمەکە، گرژییە سیاسییەکانی ناوەوەی گرووپە شیعییەکان زیاتر دەکات. هەرەسهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆشایییەک دروست بکات، کە ئێران بێتە ناوەوەی، ئەمەش ببێتە هۆکاری زیادبوونی گرژییەکان و جەنگێکی ناوخۆیی لە تەواوی وڵاتەکە. تورکیاش ڕەنگە بەلایەوە گرنگ نەبێت.

 

تورکیا سەرەتا بە چاوی گومانەوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەڕوانی، بەڵام دەستی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کرد لە ساڵی ٢٠١٢، تاوەکوو کاریگەریی بەسەر سووریاوە هەبێت لە ئەگەری ڕووخانی حکوومەتەکەی ئەسەد، ئەوەش لە دوای دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کوردەکانی سووریا. کاتێک تورکیا هەستی بە زیادبوونی کاریگەری ئێران کرد لە عێراق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی کاریگەری لە هەرێمەکە بەکارهێنا. ناچارکردنی حکوومەتی هەرێم بە بەکارهێنانی بۆڕییە نەوتییەکانی تورکیا لەڕێی بەندەری جیهانەوە دەرفەتێکی زێڕین بوو.

 

بەڵام سەرکەوتنە یاسایییەکەی بەغدا بەسەر تورکیادا بەهۆی هاوردەکردنی نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارەکانی پەکخست بە بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی عێراق بەسەر هەناردەکردنی نەوتەوە، بەوەش کەمکردنەوەی کاریگەریی تورکیا بەسەر کوردستانەوە. جوڵەکە هەنگاوێکی گرنگی بەغدایە بۆ هەرەسهێنان بە هیواکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی. ئەوە ڕەنگە وای کردبێت هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر حکوومەتی هەرێم ئاڕاستەیەکی دیکەی وەربگرێت.

 

زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سیاسییە کوردەکانی هەرێم و پەکەکە، وای کردووە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکوومەتی هەرێم کاڵ ببێتەوە

 

بەڵگەی ئەم دواییەی زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سیاسییە کوردەکانی هەرێم و پەکەکە، پارتی کرێکارانی کوردستان، کە شەڕ بۆ سەربەخۆیی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەکەن، وای کردووە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکوومەتی هەرێم کاڵ ببێتەوە. لە تورکیا، پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەبینرێت، کە ئامانجی جیاکاری ئیتنیکییە لە باشووری ڕۆژهەڵات. (وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ بەغدا، داوای لە عێراق کرد پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە قەڵەم بدات.)

 

لەم چوارچێوەیەدا، دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت، کە تورکیا ناکۆکی بۆڕییە نەوتەکە وەک دەرفەتێک ببینێت بۆ لاوازکردنی تاکە قەوارەی، لە جیهاندا ددانپێدانراوی، سەربەخۆی کوردەکان لە ناوچەکە، لە ئەنجامدا، نەهێشتنی هیواکانی سەربەخۆیی لەلای دانیشتووانە کوردەکانی -هەروەها هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە عێراق و سووریا.

 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت نیگەرانی پیشان بدات. نەک هەر تەنیا دەکرێت ئەردۆغان ئاماژە بە گەڕانەوە بۆ بەرپاکردنی جەنگ بدات، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکەی لەناو کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، بەڵام بەردەوامبوونی ناکۆکییەکە گومان دەخاتە سەر کاریگەریی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی وەک تاکە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە جیۆپۆلیتیکییە چارەنووسسازەکان.

 

بۆ نموونە، حاڵەتێکی ناوبژیوانی گرنگ، کە سەرەتا لە مەدرید دەستی پێکرد، مالیزیای لە دژی جێگرەوەکانی سوڵتانیەتی سولو تاوداوە، کە دورگەیەکی دوورەدەستە لە باشووری ڕۆژئاوای فلیپین، بە هۆکاری ململانێی جوگرافی لەسەر زەوی و سەرچاوە. حاڵەتەکە، کە تێیدا جێگرەوەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن مافیان بەسەر داهاتی نەوت و گازی مالیزیا هەیە، بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی سەدەی نۆزدەم، لەسەر دیاریکردنی سنووری نێوان کۆڵۆنییە بەریتانییەکان و سوڵتانیەتەکە، بڕیاری لەسەر دراوە. ناوبژیوانی ئیسپانی، گۆنزالۆ ستامپا، بڕیارێکی ڕیکۆرد-شکێنەری دا لە دژی حکوومەتی مالیزیا و بە ١٥ ملیار دۆلار قەرزاری کردەوە.

 

هەرچەندە، ئێستا گۆنزالۆ ستامپا تۆمەتی دراوەتە پاڵ لە لایەن دادگاکانی ئیسپانیا، بەهۆی ڕەتکردنەوەی پابەندبوونی بە بڕیارێک، کە تێیدا داوای ڕەتکردنەوەی بڕیاری ناوبژیوانییەکەی لێ کراوە، ئەوەش سکاڵایەکی دادگایی لە لایەن حکوومەتی مالیزیا بەدوای خۆیدا هێنا بە بیانگەی ناڕەوابوونی بڕیاری ناوبژیوانییەکە. ئەو ڕێگەیەی کە کەیسەکەی پێ یەکلایی کراوەتەوە تەنیا مالیزیای زیاتر پاڵناوە بۆ ئەوەی لە چین نزیکتر ببێتەوە، هەروەها بەرەکانی یەکێتیی نەتەوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای لە دژی بانگەشەکانی چین، بۆ موڵکدارێتیی سنوورەکانی ناوچەکە، لاوازتر کردووە.

 

زۆر گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درک بەوە بکات، بەبێ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بڕیاری ناوبژیوانی مەترسی ئاڵۆزترکردنی گرژییە نێودەوڵەتییەکان زیاد دەکات

 

لە کاتێکدا گرژییەکان لە نێوان عێراق و تورکیا بەردەوام لە زیادبووندان، ڕوونتر دەبێتەوە کە ناوبژیی نێودەوڵەتی جێگرەوەی دیپلۆماسیی وریایانە نییە. زۆر گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درک بەوە بکات، بەبێ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بڕیاری ناوبژیوانی مەترسی ئاڵۆزترکردنی گرژییە نێودەوڵەتییەکان زیاد دەکات، لە کاتێکدا جیهان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی ئاڵۆز بووەتەوە، کە پێویستیان بە چارەسەری ورد و هەرەوەزی هەیە.

 

حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرێت لێرەدا ڕۆڵێکی بنیادنەر بگێڕێت. لە کاتێکدا بەغدا و حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، ئەوەی مەترسیدارە پەیوەندییەکانی ئەنقەرەیە لەگەڵ بەغدا و حکوومەتی هەرێم. پێویستە واشنتن بەغدا و هەولێر ناچار بکات بگەن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرتری نەوت، لە هەمان کاتدا هەوڵی دانوستان لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا بدرێت -هەروەها لەسەر بابەتی ئاو، بازرگانی و ژێرخانیش قسە بکرێت. ئەگەر ناکۆکییەکە بەردەوام بێت، داهاتی لەدەستدراوی بەغدا، سەرئەنجام زیاتر دەبێت لەو پارەی کە بڕیارە پێی قەرەبوو بکرێتەوە. بۆیە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات دایە سازان بکەن. ناوەندگیرێکی دەرەکی، کە پەیوەندی لەگەڵ هەر سێ لایەن هەبێت، پێویستە بۆ ئەوەی پیشانیان بدات، هەر سیناریۆیەک مەترسییەکانی ناکۆکییە ناوچەیییەکان زیاد بکات بە زیانی هەرسێکیان دەشکێتەوە.

 

لە ماوەی نیو دەیەی ڕابردوو، ئەردۆغان نیازی وەرگرتنی ڕۆڵێکی کاریگەرتری بۆ تورکیا هەبووە، بە مەودایەکی دوورتر لە سنوورەکانی ناوچەکە -لە هاوکاریکردنی حکوومەتی لیبیای پاڵپشتیکراو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ماوەی جەنگی ناوخۆ، تا بینینی ڕۆڵی هێزێکی دیبلۆماسیی کاریگەر لە هێنانە دەرەوەی باری دانەوێڵە لە ئۆکڕانیاوە- تاوەکوو ڕووسیا مانگی ڕابردوو ڕێککەوتنی دانەوێڵەکەی هەڵپەسارد. هەرچۆنێک بێت، ڕێکارە مەرجییە دەرەکییەکان دەکرێت هەڕەشەیەکی گەورە بن بۆ سەر سەقامگیرییە ناسکەکەی عێراق، کە هێشتا لە مامەڵەکردن دایە لەگەڵ کاریگەرییە نەرێنییەکانی دوو دەیە لە ئاژاوە.

 

تورکیا بارودۆخەکە بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بەغدا و هەولێر ناچار بکات، ملکەچی مەرجەکانی ناوەندگیرییە نەوتییەکان بن، تەنانەت ئەگەر ئەوە مەترسیی ڕووخانی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ بکەوێتەوە

 

تاودانی تورکیا بە ئاڕاستەی نەتەوەپەرستییانەی دژە-کورد، هەروەها پێداگرییان لەسەر بەکارهێنانی نەوتی هاوردەکراو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێکی کۆنتڕۆڵکردن، وا دەردەکەوێت هۆکاری ئەم چەقبەستووییەی ئێستا بن. لەبری دانوستان، تورکیا بارودۆخەکە بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بەغدا و هەولێر ناچار بکات، ملکەچی مەرجەکانی ناوەندگیرییە نەوتییەکان بن، تەنانەت ئەگەر ئەوە مەترسیی ڕووخانی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ بکەوێتەوە. هەردووک عێراق و حکوومەتی هەرێم ئارەزووی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکەن.

 

درەنگ نییە تاوەکوو بارودۆخەکە چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە تورکیا درک بەوە بکات، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێت، ئەو ناسەقامگیرییەی بەدوای خۆیدا دەیهێنێت لە عێراق، کێشەی زۆر گەورەتر دروست دەکات، لەوانەیش، کردنەوەی دەرگا بۆ دوژمنە مێژووییەکەی، ئێران.

 

بۆ خۆدوورگرتن لە خراپترین دەرئەنجامەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە درک بەوە بکات ناکۆکییەکە دایم زیاتر بووە لە تەنها نەوت. هەڵوێستی چووست، وریا و دیبلۆماسی پێویستن بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیربوونی کارەسات ئامێزانەی تەواوی ناوچەکە.

 


  • ئەمیر گوربوز هاوبەشی ئیدارییە لە دامەزراوەی ڕاوێژکاری و یاسایی لێگارت لە ئیستەنبووڵ. ئەو شارەزایی لە یاسای نێودەوڵەتی هەیە و ئەندامێکی دەستەی بڕیاردانە بۆ لێژنەی ئەتڵەسی تورکیا.

 

سه‌رچاوه‌
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بابه‌ته‌كه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button