ئابووری
ئاراستەکان

لە کابینەی نۆیەم داهاتی باج بەڕێژەی ٦٠٨٪ زیادی کردووە

زێدپرێس

 

لەماوەی ١١ ساڵدا، داهاتی باج لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێژەی ٦٠٨٪ زیادی کردووە. بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی باج لە حکوومەتی هەرێم دەڵێن، هەڵکشانەکە بەهۆی ڕێکخستنەوەی سیستەمی باج و سەپاندنی باجە بەسەر کۆمپانیا و باجدەران نەک زیادکردنی بڕی باجەکە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

 

داهاتی باج لە هەرێمی کوردستاندا

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ٢٠٢٢ بەشێوەیەکی بەردەوام داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە.

هەڵکشانەکە، لەماوەی ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٨ بە ڕێژەی ١٣٩٪ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە، لەکاتێکدا داهاتی باج لە ساڵی ٢٠١٢دا، بڕی ١٢٨ ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دینار بووە، لە ساڵی ٢٠١٨یشدا بۆ ٣٠٨ ملیار و ٥٣٥ ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە ساڵی ٢٠١٩دا، داهاتی باج بەبڕێکی زۆر و بەخێراییەکی زیاتر هەڵکشاوە. لەو ساڵەدا، داهاتی باج لە هەرێمی کوردستاندا بۆ ٦٢٧ ملیار و ٤٢٤ ملیۆن بەرزبووەتەوە.

هەر بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ساڵی ٢٠٢٢دا داهاتی باج گەیشتووەتە ٩١٢ ملیار و ٥٨٨ ملیۆن دینار، ئەوەش هەڵکشانێکە بەڕێژەی ٦٠٨٪ لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا.

 

هەڵکشانی باج

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم لە ٥ی ئابی ٢٠٢٢دا، بەناوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ڕایگەیاند، زیادبوونی داهاتی باج بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەناویاندا:

  • هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە نایاساییەکان.
  • میکانیزمی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە پێدانی باج.
  • دەرکردنی ڕێنمایی و دیاریکردنی سزا.
  • جێبەجێکردنی یاسای باج وەك خۆی.

لەسەر ئەو بنەمایە و پاڵپشت بە ئاماری فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری، هەڵکشانی بەردەوام لە داهاتی باج تۆمارکراوە، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا نەبێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕەکەی بۆ ٥٧٨ ملیار دینار کەمبووەتەوە.

د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا، ڕایگەیاندووە، هۆکاری زیادبوونی داهاتی باج بۆ ڕێکخستنەوەی سیستەمی وەگرتنی باج دەگەڕێتەوە نەک زیادکردنی باج و دەڵێ: “ڕێژەی باج لە قازانج هەروەکو خۆیەتی کە ١٥٪یە، بەڵام ڕێکار و میکانزمەکان توندوتۆڵ کراون”.

ئەو، دووپات لەوە دەکاتەوە، کە هیچ گۆڕانکارییەک لە بڕی باجدا نەکراوە، بەڵام بەهۆی ڕێکخستنەوەی باج و پابەندکردنی کۆمپانیا گەورەکان بە پێدانی باج، لە ساڵانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم داهاتی باج بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

 

خۆدزینەوە لە باج

بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی باج نکوڵی لەوە ناکەن، کە لە هەرێمی کوردستاندا خۆدزینەوە لە باج هەبووە/هەیە. جگەلەوەی هەندێک یاسا و ڕێنماییش هەن، کە کۆمپانیا و وەبەرهێنەران کە باج دەبەخشن و بەوەش نەدانی باجەکە بنەڕەتێکی یاسایی بۆ دابینکراوە. وەک ئەوەی لە یاسای وەبەرهێناندا، ئەو کۆمپانیایەی مۆڵەتی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان وەردەگرێت، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە باج و ڕسوماتی گومرگی دەبەخشرێت. پێشتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەرجەم کۆمپانیاکانی نەوت و گازی لە هەر باجێک بەخشیوە، لەکاتێکدا پاڵپشت بە ناوەڕۆکی یاسای نەوت و گازی کوردستان، ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، لانیکەم ٦ جۆری باج بەسەر کۆمپانیاکانی نەوت سەپێندراوە، بەڵام وەک شارەزایانی یاسایی دەڵێن، کۆمپانیاکانی نەوت بەبێ هەبوونی هیچ بنەمایەکی یاسایی لە پێدانی باج بەخشراون. نەک هەر کۆمپانیا سەرکارەکان، بەڵکوو بەخشینی باجەکە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری بواری نەوتیشی گرتووەتەوە، کە سەدان کۆمپانیا دەبن. هەرچەند لەماوەی کابینەی نۆیەمدا، سەرچاوەکانی وەزارەتی دارایی دووپات لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ سەپاندنی کۆمپانیاکان بە پێدانی باجەکە دەکەنەوە.

وەک ئەوەی د. کەمال وەرتی، ڕوونی دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کودستان سەرخان و ژێرخانی لە ڕووی داتا و زانیاری و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زانیاری لە ئاستێکی پێشکەوتوو و تۆکمەدا نەبووە، بە ئاسانی باجدەران خۆیان لە دانی باج دەدزنەوە و قازانجەکانیان ناخەنەڕوو. بۆیە بەپێی ماددە ٢٦ لە یاسای باجی دەرامەت پەنا دەبردرێتە بەر خەمڵاندن، سیستەمی خەمڵاندنیش سەرکەوتوو نابێت، چونکە لەسەر بنەمای داتا و زانیاری نییە.

بە گوتەی ناوبراو، گەورەترین گرفتی ئەوان ئێستا لە سێکتەری باج کە دووچاری بوونەتەوە “بابەتی نەگەیشتنە بە داهاتی ڕاستەقینەی باجدەر”، بەسادەیی بەهۆی ئەوەی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی یان بانکی نییە، کە داهات و قازانجی کۆمپانیاکان ڕوون بکاتەوە، ئەوە بۆشاییەکی درووستکردووە، کە کۆمپانیاکان قازانجی ڕاستەقینەیان بشارنەوە و بەو جۆرەیش خۆیان لە باج بدزنەوە.

عەلی عەبدولڕەحمان جێگری بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا باسی لەوە کردووە، هەتا سیستەمێکی تۆکمەی بانکی نەبێت ئەوا خۆدزینەوەی گەورە لە باج درووست دەبێت”.

ئەو زیاتر دەڵێ، “لە هەرێمی کوردستان 13 ملیاردێر و سەروو هەزار مەڵتی ملیۆنێر هەیە، واتە چۆن دەکرێت بە بەراورد ئەوە فەرمانگەی باج ساڵانە ترلیۆنێک دینار داهاتی هەبێت، لە سەردەمی حکومی کوردی بە تایبەت دوای ٢٠٠٣ چەندەها خەڵک بوونەتە ملیۆنێر و دەوڵەمەند، ئەگەر ئەوانە باجییان بدایە خەزێنەی دەوڵەت پڕببووایە وەک خۆی ئێستا پێویستمان بەوە نەدەبوو موراجەعەی بەغدا بکەین.”

د. کەمال وەرتی دان بەوەدادەنێت، کە لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیاکان “فێڵییان” لە حکوومەت کردووە و دەڵێ: ” کۆمپانیا  هەبووە بە ترلیۆن دینار ئیشی کردووە و بە سەدان ملیار دینار قازانجی کردووە، کەچی گوتوویەتی ١٠ ساڵ لەسەر یەک زەرەرم کردووە”.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری “سەرووی ٩٥٪ی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە بودجەی ساڵانەیان پێشکەشکردووە، هەمووی وەهمی بووە”.

د. کەمال وەرتی دەڵێ: “بە دەیان هەزار پیشەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەک هەزار دیناریش باج بە حکومەت نادەن. سەرتاشخانەمان هەیە ساڵانە ٨ هەزار دینار باجی بە حکوومەت داوە، هەیە ٢ ملیۆن دینار باجی داوە”.

ئەو، دووپاتی دەکاتەوە، کە ئێستا هەڵمەتێکی فرەوانیان دەستپێکردووە “هەر کەسێک لەمە بەدوا فێڵ بکات، ڕێکاری یاسایی توندی لەبەرانبەر دەگیرێتە بەر. لەسەر فێڵکردنیش تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کۆمپانیا سزای پێبژاردنی داراییان بەسەردا سەپێندراوە و بە سەدان کۆمپانیا و زیاتر لە دوو هەزار کەس دراونەتە دادگە بەهۆی ئەوەی خۆیان لە باج دزیوەتەوە کە زۆربەیان کۆمپانیاکانن.”

د. کەمال وەرتی پاتەی دەکاتەوە: “باجی خانووبەرە بەپێی یاسا ٩٪یە و لای ئێمە زیادنەکراوە. یاساکەش یاسای ساڵی شەستەکانە و باجی داهاتیش یاساکەی ساڵی ١٩٨٢ پەسندکراوە و تا ئێستا زیادنەکراوە. ئێمە ڕێگری لە خۆدزینەوە لە باج دەکەین و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە دەیانەوێ خۆیان لە باج بدزنەوە.”

 

زۆرترین داهاتی باج هیی کۆمپانیاکانە

بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی دەڵێ: “ڕێژەی ٢٠٪ داهاتی باجی هەرێمی کوردستان لە دووکاندار و کاسبکاران وەرگیراوە. ئەو داهاتەی لە باج کۆکراوەتەوە، ٨٠٪ی باجی کۆمپانیاکانە و ٩٥٪ی ئەو پارەیەش لە ٢٥٠ کۆمپانیای گەورە وەرگیراوە، واتا زۆربەی هەرە زۆری داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیا گەورەکان وەردەگیرێت.”

بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە، “سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە کۆمپانیا گەورەکان موڵکی هەرکەسێک بن نابێت لە وەرگرتنی باج چاوپۆشییان لێبکرێت، بۆیە هیچ کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان نییە کە بەپێی یاسا باجی لەسەر دانرابێت و باجی لێ وەرنەگیرابێت.”

د. کەمال وەرتی هەروەها باس لە ڕێکخستنەوە و زیادبوونی داهاتی باج لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەکات و دەڵێ: “کۆکردنەوەی باج لە پارێزگای سلێمانی تا ئاستێکی باش رێکخراوەتەوە و لە مانگی تشرینی دووەم داهاتی باج لەو پارێزگایە نزیکەی ٤٠٪ زیادیکردووە.”

“دهاتی ٥٠٠ هەزار باجدەر لە سەرتاسەری کوردستان نەگەیشتووەتە ٨٠ ملیار دینار، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکان زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینار بووە. واتە ٨٠٪ی داهات ئەوەی لە باج کۆکراوەتەوە هیی کۆمپانیاکانە”، د. کەمال وەرتی وا دەڵێ.

 

ڕێکخستنەوەی وەرگرتنی باج

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی لە ١٠ی ئایاری ٢٠٢١دا، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێم وەک ڕاپۆرتی چاکسازی لە بواری باج ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، چەندین ڕێکاری توندوتۆڵ بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە بۆ ڕێکخستنی باج لەبەرگیراون.

لەناو ئەو ڕێکارانەدا، وەرگرتنی باجی دەرامەت لەسەر بەرهەمە نەوتی و سووتەمەنییەکان و مەوادی کیمیایی تایبەت بە سووتەمەنییەکان و پاشەڕۆی سووتەمەنییەکان هەیە.

لەو چوارچێوەیەدا، وەرگرتنی باج لەو بوارانەدا لە ڕێککەوتی ٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەویش بەم شێوەیەیە:

  • ڕێژەی ٧٪ باج لە بەها لە کاتی هاوردەکردن.
  • ڕێژەی ٤٪ باج لە بەها لە کاتی هەناردەکردن.
  • مامەڵەی هیچ کۆمپانیایەکی نەوت و گاز ڕایی ناکرێت تا پاکانەی باجی لەگەڵدا نەبێت.

– وردبینیی بڕی باجی خەمڵێنراو لە لایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ئەنجام دەدرێت.

– دەبێت سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکار (Suppliers) خۆیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمار بکەن.

– وەرگرتنی باج لە کارمەندی بیانیی بواری نەوت و گاز لە ڕێککەوتى ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم لە ١٦ی ئاداری ٢٠٢٢دا، بەهۆی ڕێکخستنەوەی باج، داهاتی باج لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەراورد بە سەرجەم کابینەکانی پێشوو. هەروەها لە کابینەی نۆیەم دەیان شوێنی وەک یانەی شەوانە، بەنزینخانە، کۆمپانیا و نەخۆشخانەی تایبەت، بەهۆی نەدانی باجەوە داخراون.

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم لە زاری هاوڕێ بەختیار بەڕێوەبەری پشکنینی باج بڵاویکردەوە، هەنگاوەکان بۆ ڕێکخستنەوەی باج بەردەوامن و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش داهاتی باج گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

ڕێکخستنەوەی باج و سزادانی ئەو باجدەرانەی کە خۆیان دزیوەتەوە لە دانی باج، بەشێک لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بووە، لەوبارەیەوە هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنینی باج ئاشکراشی کرد کە تا ئێستا بەهۆی نەدانی باج هەزار و ٧٩٤ کۆمپانیا بەبڕیاری دادگا سزای دارایی دراون، هەروەها دوو هەزار و ٤٩٨ کۆمپانیا و شوێنیش ئاگادارکردنەوەیان ئاڕاستەکراوە و ٣٧ شوێنیش بەهۆی خۆدزینەوە لە باج داخراون، وەکوو (یانەی شەوانە، نەخۆشخانە، ئارایشتگە، بەنزینخانە، کۆمپانیا و کارگە).

بەڕێوەبەری پشکنینی باج هەروەها ئاشکرای کرد لە هەرێمی کوردستان ٦٩٤ گەورە باجدەر هەن و ٢٣٪ی داهاتی گشتیی باج ئەوان دەیدەن، گوتیشی لە ساڵی ٢٠٢١ داهاتی گشتیی باج ٧٩٦ ملیار دینار بووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ١٨٢ ملیار دیناری باجی گەورە باجدەران بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...