هه‌واڵ

وەزیری دارایی: بە تەمەنی حکوومەتی هەرێم ٨٠٠ ملیار دینار داهاتی نەبووە

زێدپرێس

 

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە تەمەنی حوکمڕانی هەرێم داهات نەگەیشتووەتە ٨٠٠ ملیار دینار و دەبێت بەڕێوبەری پێشووی باج بۆمان بسەلمێنێت ئەو داهاتی باجەی باسی دەکات چی لێهاتووە و بۆمان بهێنێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داتاکانی وەزارەتەکەی ئەوە دەردەخەن کە خەمڵاندنی داهاتی ساڵانەی باجی هەرێمی کوردستان بە ٨٠٠ ملیار دینار “نالۆژیکییە” و “بەتەمەنی حوکمڕانی هەرێم داهات نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیە.”

جەختیشیکردەوە، دەبێت بەڕێوەبەری پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێم ڕاستی ئەو ژمارەیە بسەلمێنێت کە باسیکردووە و ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “لۆژیک دەڵێت هەرگیز داهاتی باجی هەرێم ناگاتە ٨٠٠ ملیار دینار. نەک تەنیا باج، هەموو داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم لە نێوان ٣٢٠ ملیار بۆ ٣٥٠ ملیار دیناردا هاتووچۆ دەکات بەتایبەت لەوکاتەی داهاتمان زۆربووە.”

ئەو گوتیشی، “بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان تەنیا داهاتی باجی کردووەتە ٨٠٠ ملیار. دەبێت بۆمان بسەلمێنێت پارەکە چی لێهاتووە و بۆمان بهێنێتەوە.”

لەبارەی ئەو داتایەوە کە بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان خستوویەتییەڕوو، ئاوات شێخ جەناب گوتی، “ئەو برادەرە بە دەنگ و ڕەنگی خۆی دەڵێت کارێکی نایاسایی و نەشیاوم کردووە. ئەو ژمارەی ئەو باسی دەکات لە دۆسیەی وەزارەتی داراییدا ئەو جۆرە پارەیە نییە و نەشبووە. بەتەمەنی حوکمڕانی هەرێم ژمارەی وانەبووە.”

هەروەها گوتیشی، “گەر ئەو پارەیە نەبووە، ئەو برادەرە دەبێت بیسەلمێنێت پارەکەی چی لێکردووە، چونکە بە قسەی ئەو بێت ٥٨٠ ملیار دینار دیار نییە و دەبێت چارەنووسی ئەو پارەیە ڕوونبکاتەوە.”

وەزیری دارایی ڕوونیکردەوە، وەکوو وەزارەتی دارایی ئەرکییان داکۆکیکردنە لە ماڵی گشتی، بۆیە دەبێت بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان بۆیان بسەلمێنێت پارەکەی چی لێکردووە.

ئاوات شیخ جەناب گوتی، “گەر نەیسەلمێنێت، وەکو ئاژاوەچی و ناڕاستگۆ لێی دەڕوانرێت، کە هاتووە ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگا تێکدەدات؛ نێوان هەرێم و بەغدا تێکدەدات. بۆیە وەکوو وەزارەت سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین بۆ ئەوەی سزای خۆی وەربگرێت.”

سەبارەت بەوەی قسەکانی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، تا چەند گرفتی لەگەڵ بەغدا بۆ دروستکردوون، وەزیری دارایی دەڵێت، “هەندێک پەرلەمانتار بۆ موزایەدەی سیاسی ئەمجۆرە قسانە بەکاردەهێنن. ڕەنگە تێیاندا بێت قسەکانی وەرگرتبێت و بڵێت، ‘ئەها چی دەڵێن.’ چوار ساڵە لەڕێگەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداوە لەسەر هێڵین و وردبینی دەکرێت، کەچی هەندێک خەڵک قسە لە کەسێک وەردەگرن کە خۆی کێشەی یاسایی هەبووە و لەسەردەمی خۆیدا دراوەتە دادگا.”

لە کۆتاییدا وەزیر گوتیشی، “هەرکەس لە ڕاگەیاندن قسەی کرد، نابێت هەرچی بەدەمیدا هات بیڵێت، پێویستە عاقیبەتی قسەکانی بزانێت.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...