ئابووریسیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران

 

دەستپێک

تا پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران نەدەگەیشتە ١٠٠ ملیۆن دۆلار، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێم و تا ساڵانی پێش شەڕی داعش لە ٢٠١٤دا، قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە بۆ پێنج ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبووەوە.

ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی، پەیوەندییە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران بەگشتی گەیاندە قۆناغێکی نوێ. هەڵکشانی دەسەڵاتی ئێران لە عێراقی نوێ، گەشەی بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتەکە دا. ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە بە تەواوەتی لە بەرژەوەندی هەناردەی ئێرانی بووە بۆ عێراق نەک بە پێچەوانەوە.

ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، بەدرێژایی هەموو ساڵانی دوای ٢٠٠٣، لەئاست بژاردەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان تێگەیشتنێک هەبوو، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستاندا، ئاستی هەڕەشە و مەترسییەکانیان لەسەر هەرێمی کوردستان کەمتر دەبێتەوە. ئەوەش وایدەکرد هەر پێشوازی و کارئاسانییەک بۆ کۆمپانیاکان و سەرمایەگوزاری هەردوو وڵات لە هەرێمی کوردستاندا بکەن. بارودۆخەکە بە جۆرێک بوو، حکوومەتی هەرێم ئەوەندەی بەتەنگ پەرەپێدانی چالاکییە ئابووری و سەرمایەگوزارییەکانی ئێران و تورکیاوە بوو لەناوخۆی کوردستاندا، نیو ئەوەندە بەتەنگ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕوونتر پەرەپێدانی بەرهەمی نیشتمانی/خۆماڵییەوە نەبوو.

لەماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا، چەندین کۆنفرانسی گەورە لەسەر ئاستی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەناوی پەرەپێدانی چالاکییە ئابوورییەکانی ئێران و تورکیا سازکران، بەڵام تەنانەت یەک کۆنفرانسی هاوشێوە بەئاڕاستەی پەرەپێدانی بەرهەمی نیشتمانی نەکرا. بەرئەنجام هەرێمی کوردستان لەشێوەی بازاڕێکی تایبەت بە ساخکردنەوەی کاڵای تورکی و ئێرانی خۆی دەنواند، تێگەیشتنێک هەتا لەپانتایی کۆمەڵایەتیدا زەق بووەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات، تورکیا و ئێران تەنیا بە داخستنی دەروازە سنورییەکان بەڕووی هەرێمی کوردستاندا، دەتوانن هەرێمی کوردستان لەناوخۆیدا بخنکێنن.

لەکاتێکدا هەوڵەکان لە ئێرانەوە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و هەروەها شاری پیشەسازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە سەر خاکی هەرێم چڕتر دەکرێنەوە، هەروەها لەکاتێکدا ئێران لە هەوڵی دوو هێندەکردنی قەبارەی هەناردەکەیەتی بۆ عێراق، لەکاردانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، دەنگی بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی لە ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆکەوە بەرز دەبێتەوە. هاوشێوەی داواکارییەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی بەغدا کە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی خرایەڕوو، وەک پەرچەکردارێک بەرانبەر بە بۆردمانەکەی تورکیا لە دەڤەری زاخۆ و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک گەشتیاری عێراقی لە تەمووزی ٢٠٢٢دا. داواکارییەکە لە سەرۆکی ژووری بازرگانی عێراقەوە گەیشتە ئاستی داخستنی دەروازەکانی عێراق بەڕووی تورکیادا. ئەوکات سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بپچڕێنن، بەپاساوی ئەوەی هەموو ئەو کاڵایانەی لە دەروازەکانی تورکیاوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بەرهەمی تورکی نین، بەڵکوو وڵاتەکە ڕۆڵی ترانزێتیش دەبینێت.

ئەوەی پەیوەندی بە داواکاری بۆ بایکۆتی کاڵای ئێرانییەوە هەبێت، هەڵوێستی هاوشێوەی هەولێر و دهۆک، لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییەوە نییە. هەردوو هەڵوێستەکەیش لەژێر کارتێکەری سیاسییدان، لە پەیوەندی هەریەک لە هێزی حوکمڕانی هەولێر و دهۆک، لە بەرانبەر هێزی حوکمڕانی سلێمانی لەگەڵ ئێران لەلایەک و لەلایەکی دیکە ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان حکوومەتەکانی خۆجێیی لە هەردوو دەڤەرەکە و بەستراوەییان بە سنوری ئێرانەوە.

 

دەروازە سنوورییەکانی نێوان کوردستان و ئێران

سێ دەروازەی سەرەکی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران، لەپاڵ چوار دەروازەی لاوەکی شوشمێ، سەیرانبەن، کێلێ و تەوێڵە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هەن. داتایەک ئاماژە بەوە دەکات کە تا ساڵی ٢٠١٠ لە نێوان عێراق و ئێران ٨٤ دەرگا و دەروازەی نێودەوڵەتی و لاوەکی تۆمارکراون، کە پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی چالاکترینیانە.

جموجۆڵە گەورەکە لە سێ یەکەمین دەروازە سەرەکییەکەن. لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، عەلی ئەسغەر عەباس سەرپەرشتیاری فەرمانگەی گومرگی پارێزگای كرماشان ڕایگەیاند، لە هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵدا-بەپێی ساڵنامەی ئێرانی- (لە ٢١ی ئازاری ڕابردووەوە دەستپێدەكات) ملیۆنێك و ٨٨٢ هەزار و ٧٦٦ تۆن كاڵا و شمەك لە دەروازەی پەروێزخانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراون. بەهای شمەكە هەناردەکراوەکانی ئێران دەگاتە ٦٥٩ ملیۆن و ٨٨٧ هەزار و ٤٧٢ دۆلار. هاوکات لە دەروازەی شوشمێ، بڕی ١٩٦ هەزار و ٧٣١ تۆن شمەک هەناردەكراوە، كە بەهاكەی دەگاتە ٢٦ ملیۆن و ٨٣٦ هەزار و ٣٢٣ دۆلار. هەناردەی کاڵا و شمەک بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشووی ئێرانی لە دەروازەكەوە بە بڕی ٢٠٪ لەڕووی بەها و ٣٤٪ لەڕووی كێشەوە زیادیكردووە. لە ماوەیەکی هاوشێوەدا و لە مەرزی کێلێ-سەردەشت ٣١٥ هەزار تۆن کاڵا بە بەهای زیاتر لە ١١٠ ملیۆن دۆلار هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. ئاماری دەروازەکە پیشانی دەدات، لەو ماوەیەدا، ڕۆژانە زیاتر لە ١٨٠ بارهەڵگر کەلوپەلی وەک کاشی سیرامیک، تەختە، پلاستیک، ماددە کانزاییەکان و مادە خۆراکییەکانی سەوزە و میوە بۆ هەرێم دەگوازنەوە.

 

کۆمپانیاکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا

جگە لە هاوردەی کاڵای ئێرانی، چەندین کۆمپانیا و کارگەی ئێرانی لە هەرێمی کوردستاندا ئامادەییان هەیە. تا ساڵی ٢٠١٨ لە هەرێمی کوردستاندا ٣٦٠ کۆمپانیا و ١٣٥ کارگەی ئێرانی چالاک بوون. کۆمپانیاکان لە بوارەکانی بەڵێندەرایەتی و بازرگانی و کارگەکان لە بەرهەمهێنانی کاڵا خۆراکییەکان، سیرامیک، پلاستیک و … هتد بەشداری دەکەن.

ئامارێکی نوێی دەستەی وەبەرهێنان پیشانی دەدات، کە لەماوەی کۆتایی ٢٠٠٦ تا کۆتایی تەمووزی ٢٠٢٣، کۆمپانیا ئێرانییەکان تەنیا یەک پڕۆژەی وەبەرهێنانیان بەشێوەی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، لەکۆی ٤٥ پڕۆژەی وەبەرهێنان کە بە سەرمایەی ڕاستەوخۆی بیانی ئەنجامدراون. گوژمەی پڕۆژەکە تەنیا ١٤ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دۆلارە لەکۆی ١٠ ملیار دۆلار لە تێکڕای سەرمایەی بیانی لە هەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژانەی بە سەرمایەی ڕاستەوخۆی بیانییەکان ئەنجامدراون. ئەو پڕۆژەیەش دروستکردنی هۆتێلێکە لە شاری هەولێر و لە ساڵی ٢٠١٢ مۆڵەتی جێبەجێکردنی دراوە. ئەوە لەکاتێکدا کە داتای پێشووی دەستەکە کە ئاماری ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە، ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی هاوبەش بە سەرمایەی خۆماڵی و ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە بە گوژمەی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکی مۆڵەتی وەرگرتووە. ئەو پڕۆژەیەش دروستکردنی شاری پیشەسازی عەربەتە و لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی مۆڵەتەکەی بە هەریەک لە کۆمپانیاکانی پارێزەری سەنعەتی کورد، بەڕێز و کۆک دراوە. چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە دروستکردنی شارە پیشەسازییەکە ڕاگیراوە. لە کۆتایی ٢٠٢٠ لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە بڕیار و بەرنامەی کارکردنەوە لە شارە پیشەسازییەکە ڕاگەیەندرا، پڕۆژەکە خۆی لە نزیکەی ٣٠٠ کارگەی پیشەسازی دەبینێتەوە و دەگوترێت کە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم داوای کردووە پەلە بکرێت لە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکە. ڕوون نییە، لە کۆی هەموو ئەو کۆمپانیایانەی دواجار بڕیارە لە پڕۆژەکەدا بن، چەندیان ئێرانی دەبن.

پێشتر گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان بەرپرسانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و ئێرانییەکان هەبوون بۆ گواستنەوە و بەگەڕخستنەوەی ئەو کارگە ئێرانییانەی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەکارکەوتبوون، ئامانجەکە ئەوە بوو کارگە لەکارکەوتووەکان-بەهۆی دەستنەکەوتنی کەرەستەی خاو لەژێر کاریگەری سزاکانی ئەمریکا- بۆ هەرێمی کوردستان بگوازرێنەوە. لە ئاستی هەرێم بانگەشەیەک هەبوو، کە بە گواستنەوەی کارگەکانی ئێران، هەرێم دەبێت بە بەرهەمهێنەر و چیتر بەکارهێنەر نابێت. ئاسایی ئەوەی لەناوخۆی هەر وڵاتێکدا بەرهەم دەهێنرێت، لە خانەی بەرهەمی نیشتمانی دادەندرێت.

 

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و ئێران

لە نێوان عێراق و ئێران ژوورێکی هاوبەشی بازرگانی هەیە. بەپێی یەحیا ئیسحاق سەرۆکی ژوورەکە، تا ٢٠٢٢، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران گەیشتووەتە ١٠ ملیار دۆلار و ئامانجەکە ئەوەیە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە بۆ ٢٠ ملیار دۆلاری ساڵانە بەرز بکرێتەوە. بەڵام سەرکونسڵی ئێران لە عێراق دەڵێ لەو ساڵەدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەردوو وڵات گەیشتووەتە ١٢ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠٢٣یشدا بۆ ١٤ ملیار دۆلار گەشەی کردووە. بڕی هەرە گەورەی ئاڵوگۆڕەکە خۆی لە هاوردەی ئێرانی دەبینێتەوە. لە بەرانبەردا بەرپرسانی بازرگانی هەرێم دەڵێن لەماوەی ٢٠٢٢دا، قەبارەی هاوردەی ئێرانی بەگشتی نۆ ملیار دۆلار بووە و لەو ژمارەیەش چوار ملیار دۆلاری بۆ هەرێمی کوردستان بووە.

سەرەڕای هەموو ئەو ژمارە جیاوازانە، دەزگای ئایندەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاری ئابووری بانگەشەی ئەوە دەکات، قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق نزیکەی ١١ ملیار دۆلارە، لەو ڕێژەیەشدا پێنج تا شەش ملیار دۆلار نوێنەرایەتی هەناردەی گاز و کارەبای ئێران بۆ عێراق دەکات. بە هەموو کاڵاکانی دیکە، هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەربەستی شەش ملیار دۆلاری تێپەڕنەکردووە.

یەکێک لە گرفتەکانی ئەو ئامارانە، جیا نەکردنەوەی هاوردەی کاڵای ئێرانییە، لەگەڵ ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی کە بەشێوەی ترانزێت هاوردە و هەناردە دەکرێن. هەروەها جیانەکردنەوەی بڕی هەناردە و هاوردە لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکەدا.

ئێرانییەکان دەڵێن عێراق لە دوای چین، پلەی دووەمی گرتووە لە هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی. ئەوان ئاماژە دەکەن بەوەی عێراق بەردەوام هاوبەشی بازرگانی یەکەم یان دووەمی ئێران بووە، هەروەها لە ڕیزی پێنج هاوبەشی بازرگانی سەرەکی ئێراندایە.

هەر چۆنێک بێت، زۆرینەی قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە، لە هاوردەی کاڵای ئێرانی پێکدێت. بەنموونە ساڵی ڕابردوو، تەرازووی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە جۆرێک بووە کە سەرووی ٩٥٪ی ئاڵوگۆڕی کاڵای سنوورەکە قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و کەمتر لە ٥٪ی ئەو قەبارەیە بەر هەناردەی عێراق و کوردستان بۆ ئێران کەوتووە.

 

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران سروشتێکی یاسایی و نایاسایی وەرگرتووە. یاساییەکە خۆی لە هاوردە و هەناردە لەڕێگەی دەروازە یاساییەکان دەبینێتەوە، نایاساییەکە هاوردە و هەناردەی قاچاغە لەڕێگەی کۆڵبەرەکانەوە یان لەڕێگەی دەروازە لاوەکییە نافەرمییەکانەوە. بەخستنەسەری قەبارەی بازرگانییە نایاساییەکە، بڕ و گوژمەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وڵاتەکە بەرزتر دەبێتەوە.

بەپێی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ٢٠ خاڵی سنوری و هەشت دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن. بەڵام بەرپرسانی گومرگی هەرێم بوونی هەر دەروازەیەکی نافەرمی ڕەت دەکەنەوە. هەریەک لە هەرێمی کوردستان و ئێران لای خۆیانەوە، هەوڵ و پلانیان هەیە بۆ داخستنی سنورە نایاساییەکە بەڕووی قاچاغدا. بە ڕێگەگرتن لە ئاڵوگۆڕە قاچاغەکە، داهاتی دەروازە سنورییەکان هەڵدەکشێت و قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکەیش ڕوونتر دەبێتەوە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ژمارەی جیاجیا لەمەڕ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کوردستان و ئێران دەخەنەڕوو. عەبدوڵا ئاکرەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئێران، ئایاری ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران دەگاتە ١٢ ملیار دۆلار و لەو چوارچێوەیەدا قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا چوار ملیار دۆلارە، بەڵام ئێرانییەکان دەیانەوێت قەبارەی هەناردەکە لانیکەم بۆ هەشت ملیار دۆلار بەرز بکەنەوە. یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستانیش باس لەوە دەکەن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە هەمان ماوەدا گەیشتووەتە شەش ملیار دۆلاری ساڵانە.

لە میانەی کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران کە سەرەتای ئایاری ٢٠١٨ لە هەولێر سازکرا، عەلی سندی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کوردستان بە وەكالەت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٧دا بە هەشت ملیار دۆلار دانا. هەر لە هەمان کۆنفرانسدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان کوردستان و ئێران ساڵانە شەش بۆ شەش ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، ئەمەش زیاتر لە ٢٥٪ی کۆی گشتی هاوردەکردنی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، جگە لە فڕۆکەخانەکان و پارێزگاکانی خوارووی عێراق. هەروەها هەرێمی کوردستان ٦٧٪ی هاوردەی ئۆتۆمبێل لەڕێگەی سنوورەکانی ئێرانەوە ئەنجام دەدات.

وەک داتایەکی نزیک لە داتای ڕاگەیەندراو لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەتی هەرێم، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی (٢٠١٨)، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانی بە شەش ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار دەستنیشانکردووە، هەر ئەوکاتیش سەعدوڵڵا مەسعودیان كونسڵی ئێران لە سلێمانی، باسی لە پلانی وڵاتەکەی کرد بەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە تا ١٠ ملیۆن دۆلار بەرز بکاتەوە.

 

جۆری هەناردەی ئێرانی بۆ عێراق و کوردستان

ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق، هاوردەی ئێرانی بۆ عێراق لە ١٠ پۆلدا بەرجەستە دەکاتەوە؛ ئامێری میکانیکی و کارەبایی، کەرەستەی گواستنەوە، ماددەی کیمیایی، بەرهەمی کشتوکاڵی، پیشەسازیی خۆراک، جلوبەرگ و قوماش، کانزا و بەرهەمە کانزاییەکان، بەرد و شووشە، چەرم و کەلوپەلی پیشەسازی هەمەجۆر، کە ئەوانەیش ڕێژەی ٦٥٪ی هاوردەی عێراق پێکدەهێنن و لەو چوارچێوەیەدا، زۆرترینی کەلوپەلی کشتوکاڵی بووە بەڕێژەی ٣٠٪ و کەمترینی کاڵای چەرم بووە بەڕێژەی ٣٪.

هەروەها، بەگوێرەی دەزگای ئایندەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاری ئابووری، کاڵاکانی وەک ئاسنی خاو، پۆڵا و کەرستەی دروستکراو لە ئاسن بەرزترین بەهای هاوردەی ئێرانی بۆ عێراق لەخۆدەگرێت بەڕێژەی ٢٣٪، بەرهەمەکانی نەوتی ١٣٪، کەرستەی پلاستیکی ١٢٪، سەوزە و میوە ١٠٪ و کەرستەکانی بیناسازی و سرامیک ڕێژەی ٦.٤٪ی کۆی هەناردەی ئێران بۆ عێراق پێکدەهێنن.

داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان پیشانی دەدەن، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، زۆرترین کاڵای هاوردەکراو لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بە پلەی یەکەم خۆراک بووە، پاشان کەلوپەلی بیناسازی و پێداویستی پزیشکی لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.

داتایەکی فەرمی حکوومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٨دا، وێنەیەکی ڕوونتر لە بڕ و ڕێژەی کاڵای ئێرانی لە کۆی کاڵای هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان پیشان دەدات. لەو ساڵەدا بەڕێژەی ٦٠٪ی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق لە ڕێگەی دەروازە نێودەوڵەتی و لاوەكییەكانی هەرێمی كوردستان بووە؛ وەک کاڵای هەناردەکراو ڕێژەی ٧٠٪ی سەوزە، ٤٠٪ی میوە، ٨٠٪ی پەیینە كیمیاوییەكان و ٥٠٪ی شیرەمەنی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێت.

 

داخستنی دەروازە سنورییەکان

لەسەروەختی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و لە چوارچێوەی ئەو گوشارانەی لەلایەن عێراق و ئێرانەوە خرانە سەر هەرێمی کوردستان، ئێران دەروازە سنورییەکانی بەڕووی هەرێمی کوردستان داخست. داخستنی دەروازە سنورییەکان هەنگاوی دووەمی فشار و کاردانەوەکانی ئێران بوو بەرانبەر بە ڕیفراندۆم، لەهەنگاوی یەکەمدا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی هەرێمدا داخست. پێشتر بەرپرسانی هەرێم لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە دڵنیاییان دەدا، کە ئێران بە هیچ شێوەیەک سنور داناخات. نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئێران بانگەشەی ئەوەی دەکرد، داخستنی سنور لەلایەن ئێرانەوە دوایین بژاردەیە. ئەو لێکدانەوەیە پشتئەستوور بوو بە لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی، بەدڵنیایی لەو هەڵوێستەدا، ئێرانییەکان زیاتر لە هەمووان لە زیانەکانی داخستنی سنور بەڕووی هەرێمی کوردستان تێدەگەن.

داخستنەکە ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕوویدا. لەکاتێکدا ئێران پاش ١٠ ڕۆژ دەروازەی باشماخی کردەوە، بەڵام دەروازەی حاجی ئۆمەران لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا کرایەوە. لەو کەمتر لە سێ مانگەدا، بەگوێرەی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ورمێ، ئێران زیانی دوو ملیار دۆلاری لە ئەنجامی داخستنی دەروازە سنورییەکان بەڕووی هەرێمی کوردستان لێکەوت. سەرچاوەیەکی دیکەی ئێرانی باس لەوە دەکات، کە وڵاتەکە بەهۆی دژایەتی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، مانگانە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە و ئەوەش کۆمپانیا ئێرانییە خاوەنکارەکانی لە هەرێمی کوردستان نیگەران کردووە.

بەو شێوەیە، ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیانی گەورەی دارایی بە ئێران دەگەیەنێت. وەک جێگرەوە، داخستنی دەروازە سنورییەکانی ئێران بەڕووی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی هەڵکشانی قەبارەی هەناردەی تورکیا بوو بۆ هەرێمی کوردستان. داخستنی دەروازە سنورییەکانی ئێران بەڕووی هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ هۆکار بوو لەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەرزببێتەوە.

داخستنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، لەلایەن هەردوو حکوومەتی ئێران و کوردستانەوە، لەو ساڵانەی دواییدا، بەشێوەی کاتی هەر هەبووە، بەڵام هەر ماوەی چەند کاتژمێرێک یان ڕۆژێک و چەند ڕۆژێکی خایاندووە. لە شوباتی ٢٠٢٠ حکوومەتی هەرێم بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری داخستنی دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ئێران دا. داخستنەکە تەنیا ٢٤ کاتژمێری خایاند. داخستنی دەروازەکان هەندێک جار تەنیا جوڵەی گەشتیارانی گرتووەتەوە. لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا بۆ ماوەی تەنیا ١٢ کاتژمێر ئێران دەروازە سنورییەکانی پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانی بەڕووی گەشتیارانی کوردستان داخست، هەرچەند بەرپرسانی دەروازەکان گوتیان تەنیا هۆکارێکی تەکنیکی هەبووە، بەڵام داخستنەکە هاوکات بوو لەگەڵ جوڵەی سەربازی لەدیوی ئێرانەوە.

 

زیانەکان بۆ هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەیی (کێشەی دەروازە سنورییەکان؛ لێکەوتەی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان، ٢٠٢٣)، داهاتی ساڵانەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە تریلیۆنێک و ٦٨٠ ملیار دینار، کە داهاتی دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەرێزخان، حاجی ئۆمەران و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانیش دەگرێتەوە. بەڵام بەرپرسانی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێن داهاتی دەروازە سنورییەکان لە نێوان ١١٠ تا ١٣٠ ملیار دینار دەبێت. لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا، داهاتی ساڵانەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە تریلیۆنێک و ٥٦٠ ملیار دینار خەمڵێندراوە.

پێش بەرزکردنەوەی داواکاری بایکۆتی کاڵای ئێرانی لەلایەن ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆکەوە، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان پێی وا بوو، ئەگەر هاوردەی ئێرانی بۆ هەرێم ڕابگیرێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی کوردستان دروست دەکات. بەهۆکاری ئەوەی کاڵا هاوردەکراوەکان پێداویستییەکانی ڕۆژانە و ماددە خۆراکییەکان لەخۆدەگرن. بەڵام پێناچێت کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر بازاڕ و داهاتی ناوخۆی کوردستان دابنێت، لەکاتێکدا لەلایەک هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵەدا لە چەند بەرهەم و کاڵادا بە سەرووی ئاستی خۆبژێوی گەیشتووە و لەلایەکی دیکە جێگرەوە هەیە، لەناویاندا تورکیا کە هەناردەکاری یەکەمینی هەرێمی کوردستانە. هەر ئێستا بازرگانان باس لە هاوردەکردن لە تورکیا و وڵاتانی کەنداو وەک جێگرەوە بۆ کاڵای ئێرانی دەکەن. لەبەرئەوەی هەردوو تورکیا و ئێران لە چەندین کاڵای هاوشێوە هەناردە دەکەن، لەبەرئەوە کەمبوونەوە/کەمکردنەوەی هاوردە لە هەر یەکێکیان ڕاستەوخۆ هەڵکشان لە هاوردەی ئەوی دیکە دروست دەکات. ساڵی ٢٠١٩دا، هەڵمەتێکی بایکۆتی کاڵای تورکی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، وەک وەڵامدانەوەیەک بەرانبەر هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ناوەندە بازرگانییەکان تێبینی ئەوەیان کرد، هاوردەی تورکی لە کورتی داوە و هاوردەی ئێرانی هەڵکشاوە.

لەهەر حاڵەتێکی کاریگەرییدا، لەبەرئەوەی زۆرترین قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە لە نێوان پارێزگای سلێمانی و ئێرانە. لەبەرئەوە کاریگەری زیاتر لەسەر داهاتی ناوخۆیی پارێزگای سلێمانی دروست دەکات. ئەو ڕاستییە، کارتێکەر دەبێت لەسەر هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانی وەک حاکمی سلێمانی و هەروەها ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکە لەمامەڵەکردن لەگەڵ پرسێکی وەک بایکۆتی کاڵای ئێرانی و ڕاگرتنی جموجۆڵە بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران.

 

ئەنجام

داواکاری بایکۆتی کاڵای ئێرانی لەلایەن ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆکەوە، پێشتریش هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکی کە لەئاستی بژاردەیەک لە نووسەران و چالاکانی مەدەنی بەڕێوەبردرا و چەندین ناوەندی بازرگانی لە هەولێر و سلێمانی پابەندبوونی خۆیان پێ ڕاگەیاند، وەک کارتێکی گوشار دەخوێندرێتەوە. وا دەردەکەوێت ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەمان بڕیاری نییە، هەردوو هەڵوێست لەژێر کارتێکەری سیاسی و هەروەها قەبارەی جیاوازی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جیاوازی لە چالاکی دەروازەکانن لەگەڵ ئێران.

بەهۆی گەشەی هەرێمی کوردستان و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە چەندین بوار و بەرهەمدا، وا دەرناکەوێت زیانەکان لە بایکۆتکردنی چەندین کاڵادا بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەندە توند بن، بەڵام ڕوونە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتی ئێران یان تورکیا دروست دەکەن.

هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن؛ بەڵام ئەگەر کاڵای تورکی بە جێگرەوەی کاڵای ئێرانی دابنێن، تەنیا ئاڵوگۆڕی خراپ بە خراپ دەکەن. ئەوە، لەباشترین حالەتدا پێدانی هۆشدارییەکە بە ئێران، بەڵام لەتوانادایە زیاتر بێت؛ ئەگەر حکوومەتی هەرێم خواستی لەسەر پەرەپێدانی بەرهەمی نیشتمانی هەبێت، وەک جێگرەوە بۆ کاڵای هەردووکیان، هەروەها ئەگەر هاووڵاتییان خۆیان بەکاربردنی کاڵای ئێرانی و تورکی کەم بکەنەوە.

نابێت دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان دڕدۆنگی و ڕاڕاییەکی لە پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی هەبێت؛ هەڕەشە و گوشارەکانی ئێران و تورکیا لەهەموو ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا، ئەو گوتارەی بەتاڵ کردەوە کە هێشتنەوەی کوردستان لە پێگەی بەکاربەرییدا و بەبازاڕکردنی هەرێم بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانی ئێران و تورکیا، هەرێمی کوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەوان دووردەخاتەوە.

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...