ئەمڕۆ دووشەم، ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤، دەستەی وەبەرهێنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بە ئاڕاستەی زیاتر سوودمەندبوونی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا کارکردن لە پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون ڕابگیرێت و مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون نەدرێت.
دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری ڕاگرتنی مۆڵەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە ئامانجی ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بە ئاڕاستەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەبێت.
دەستەی وەبەرهێنان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، داوا لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، “یارمەتیدەر و هاوکاربن، تاوەکوو وەبەرهێنانی زیاتر لە سێکتەرەکانی ئاڕاستەکراو بکرێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کەم گەشەسەندوون لە هەرێمی کوردستان”.
بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس لەماوەی ١ی ئابی ٢٠٠٦ تاوەکوو ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەگوژمەی زیاتر لە ٦٧ ملیار دۆلار مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پڕۆژەی جیاجیا لە هەرێمی کوردستان دراوە، کە ڕێژەی زیاتر لە ٨٣٪ی بە سەرمایەی خۆماڵی بووە.
پێشتر زێدپرێس لە بەدواداچوونێکی تایبەتدا ئاشکرای کردووە، بەهۆی ئەوەی بەدرێژایی چەندین ساڵ لە هەرێمی کوردستاندا هیچ کارنامەیەک بۆ وەبەرهێنان نەبووە، ئەوە وایکردووە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران بەتایبەت هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێبووندا بدەن و بوارە ژێرخانییەکانی وەبەرهێنان پەراوێز بخەن، لەبەرئەوە بواری نیشتەجێبوون بە تەنیا زیاتر لە ١٧ ملیار سەرمایەگوزاری تێدا کراوە، لەکاتێکدا تا چەندین ساڵ لەمەوبەر لە ڕیزبەندی یەکەمین بواری وەبەرهێنان بوو لەڕووی ژمارەی پڕۆژە و سەرمایەی وەبەرهێنانەوە، لەم ساڵانەی دواییدا بواری پیشەسازی ڕیزبەندی یەکەمی وەرگرتووە، هێشتا نیشتەجێبوون لە ڕیزبەندی دووەمدا ماوەتەوە.
لەو ساڵانەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان بەتایبەت هانی وەبەرهێنەرانیان دا کار لە بوارەکانی دیکەی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا بکەن، پێشکەوتنێک لە هەر سێ بوارەکەدا بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەدیهاتووە، بەڵام هێشتا خواستی وەبەرهێنەران لەسەر کەرتی نیشتەجێبوون بە هەڵکشاوی ماوەتەوە، بەنموونە گوژمەی وەبەرهێنان لە ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە دوو ملیار و ٦٠٣ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام تەنیا کەرتی نیشتەجێبوون ڕێژەی ٥٧٪ی سەرمایەی سەرجەم پڕۆژەکانی لەو ساڵەدا بردووە.
بە ڕاگرتنی مۆڵەتی نوێ لە کەرتی نێشتەجێبووندا چاوەڕوان دەکرێت وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە بوارەکانی دیکەدا گەشە بکات، لەناویاندا بواری گەشتوگوزار کە هەر لە ساڵانی دوای ٢٠٠٣ەوە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان گەشەی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک کە وەک لە بەدواداچوونێکی پێشتری زێدپرێسدا ڕوونکراوەتەوە، ڕێژەی ٣٩٪ی یەکە گەشتیارییەکان لەسەر ئاستی تەواوی عێراقدا لە هەرێمی کوردستانن.