د. ئاریانا ئیبراهیم: پڕۆپاگەندەی ناوخۆیی زۆر لە پڕۆپاگەندەی دەرەکی ترسناکتر و کارتێکەرترە
سازدانی؛ سیڤان کەنعان
پڕۆپاگەندە تاکتیکێکە زیاتر وڵاتان لەکاتی شەڕ و جەنگەکان بەکاری دەهێنن، هاوشێوەی ئامرازێکی سەربازییە، بەڵام کاریگەرییەکەی دوو هێندەی کاریگەری شەڕی سەربازی دەبێت. لەبەر ئەوەی کاریگەری لە سەر دەروون و ورەی بەرانبەر دادەنێت. ئەم تاکتیک یا پلانە بریتییە لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە ئامرازێک لە وشە و وێنە، بە ئامانجی دروستکردنی گوتارێک و لەڕێگەیەوە دانانی کاریگەری لەسەر بەرانبەر، بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراو، ئامانجەکانیش زۆر و جۆراوجۆرن بەپێی ڕەوش و دۆخ و ژینگەکە.
زیاتر وڵاتان لەکاتی شەڕ و جەنگەکان بەکاری دەهێنن، بۆ نموونە کاتێک شەڕ ڕوودەدات لە نێوان دوو وڵات، پڕوپاگەندە بەرانبەر یەکتر دەکەن، وەکوو گەورەکردن و زەقکردنەوەی بابەتێک بۆ ئەوەی دووبەرەکی بخەنە ناو خەڵکەوە و بیروباوەڕیان بەرەو ئاڕاستەیەکی تر بگۆڕن، یاخود ئەو پەیوەندی و متمانەیەی خەڵک بە حکوومەت و دەسەڵاتی هەیە بشێوێنن، بەڵام مەرج نییە پڕوپاگەندە تەنیا لە کاتی جەنگ بێت، بەڵکوو لە کاتی ئاشتیش ئەنجام دەدرێت و زۆرجار بە شەڕی سارد ناودەبردرێت، ئەویش هەر لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و میدیاکانەوە ئەنجام دەدرێت.
پڕۆپاگەندە لە ڕێگەی گەورەکردنی هەندێک بابەت، دووبەرەکی دەخاتە ناو خەڵکەوە و لێکترازان دروست دەکات. هەروها کار دەکات لەسەر لاوازکردن و گۆڕینی بیروباوەڕ، پڕەنسیپ و بەها کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگا. پڕۆپاگەندە زۆرجار هەر وەک جەنگی دەروونی پێناسە دەکرێتەوە، لەکاتێکدا گوتارەکە دەیەوێ کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی خەڵک دابنێت.
سۆشیاڵ میدیا ئامرازێکی نوێیە لە ئامرازەکانی میدیا، هەرچەندە بنەما و بنچینەکانی کاری میدیایی تێدا ڕەچاو ناکرێت و سانسۆری لەسەر نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانی ئاسانە و هەموو کەسێک دەتوانێت ئازادانە سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنێت، ئەوە وا دەکات سوود لەم تەکنەلۆژیایە ببینرێت بۆ بەکارهێنانی پڕۆپاگەندە. پڕۆپاگەندە لە سۆشیاڵ میدیادا ئاسانتر بەڕێودەچێت، بەهۆی ئەوەی سانسۆری لەسەر نییە، و بە ئاسانی و خێراییش دەگاتە هەموو کەسێک، بۆیە پڕۆپاگەندە ئاسانتر و خێراتر ئامانجەکەی دەپێکێت. کاریگەری سۆشیاڵ میدیا دوو هێندەی کاریگەری ئامرازە میدیاییە تەقلیدییەکانە وەکوو تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ. وەک نموونە، لە کاتی شەڕی داعش، داعش سوودی لە سۆشیاڵ میدیا بینی، شەڕێکی دەروونی لەگەڵ خەڵک دەکرد، هێزێکی گەورە نەبوون، بەڵام ئەوەندە گەورەکران خەڵکان ترسان و شارەکانیان چۆڵ کرد.
بەڵێ، پڕۆپاگەندە مەترسییەکی گەورە دروست دەکات لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئێمە ستراتیجیەتێکی یەکگرتوومان نییە، ئێمە دوو ئیدارەمان هەیە، دوو لایەنی سەربازی و ئابووریمان هەیە، دوو ئیدارە و ئاڕاستەمان هەیە، تەنانەت ڕەنگی داوەتەوە لە میدیادا کە دوو گوتاری میدیاییمان هەیە. دەبێت لە پرسە نەتەوەییەکان و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەن، یەک ئاڕاستە، یەک گوتار، یەک ستراتیجیەتمان هەبێت لە بەرانبەر وڵاتان، بەڵام بەداخەوە ئەوە نییە، یەکێک لە هۆیەکانی دۆخەکەی خراپتر کردووە، هەر پڕۆپاگەندەیە.
کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان زۆر نەیاری هەن، دەوروبەرمان هەموویان وڵاتی گەورەن؛ تورکیا و ئێران و سووریا و عێراق، کە هیچیان نایانەوێت هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی بەهێز دەرکەوێت، سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتانی وەکوو ئەمریکا و فەڕەنسا پاڵپشتی و پشتگیریمان دەکەن، بەڵام ئەویش لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و بەپێچەوانەوە پشتمان لێ دەکەن. هەموو وڵاتانی دەوروبەرمان پڕۆپاگەندە لە دژی هەرێمی کوردستان دەکەن بە تایبەت حکوومەتی بەغدا. بەنموونە کار دەکەن لەسەر گەورەکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت، بۆ شلەقاندن و لاوازکردنی متمانەی خەڵک بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئاڕاستەکردنی خەڵک بەرەو بەغدا. حکوومەتی بەغدا دەیەوێت وا پیشان بدا کە حکوومەتی هەرێم هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ خەڵک و دژی بەرژەوەندی گەلی خۆیان وەستاون، لە کاتێکدا ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە لە بەغدا نییە. ئامانجەکە فرەوانکردنی بۆشایی متمانەیە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسییدا.
هەموو کەسێک هەستی ئینتیمابوونی بۆ وڵات و خاک و مێژووی خۆی هەیە. کاریگەری پڕۆپاگەندەیش زیاتر لەسەر نەوەی نوێیە، چونکە ئەو نەوەیە لەم لایەنەوە بە شێوەیەکی باش و درووست پەروەردە نەکراون، هەروەها ئەم نەوەیە، نەوەی سۆشیاڵ میدیان. ئەوەندەی متمانە بە سۆشیاڵ میدیا دەکەن ئەوەندە متمانە بە کەناڵە میدیاییەکان و تەنانەت حکوومەت و دەوڵەت ناکەن. لەدۆخێکدا پڕۆپاگەندە زیاتر لە سۆشیال میدیادا بەڕێوەدەچێت، بەهۆی نەبوونی یاسایەک بۆ ڕێکخستنی سۆشیاڵ میدیا، ئەم پڕۆپاگەندانە کاریگەرییان کردووەتە سەر هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لای گەنجان و نەوە نوێیەکە.
ئەرکی هەموومانە، ئەرکی ئەکادیمییەکان و ئەرکی مامۆستا و ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندانە ئەو خەڵکە هۆشیار بکەنەوە کە دەکەونە ژێر کاریگەر پڕۆپاگەندەوە. پڕۆپاگەندە بابەتێکی زۆر ترسناکە و هەروەها ئەرکی حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانە ئاگایان لەم مەترسییە بێت و کار بکەن و میکانزمی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکاربهێنن.
بەڵێ هەیە، بەهۆی ئەو ئازادییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەرەو کۆمەڵگایەکی دیموکراسی هەنگاو دەنێین، دیموکراسیەت واتا تۆ ئازادی بدەی بە هەموو کەسێک کە دەربڕین لە بیر و بۆچوونی خۆی بکات، ئەم ئازادییەی کە هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان قۆستراوەتەوە و بەکاری دەهێنن دژی میلەتەکەی خۆیان، بە تایبەتی ئەو پارتانەی کە خۆیان وەکوو ئۆپۆزسیۆن پیشان دەدەن و بەگشتی کار لەسەر دروستکردنی پڕۆپاگەندە دەکەن.
بەگشتی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک بەدەست بهێنن.
پڕۆپاگەندەی ناوخۆیی ترسناکترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر پڕۆپاگەندە دەرەکی بێت ئێمە دەزانین دوژمنن، بەڵام ئەگەر پڕۆپاگەندە لەناوەوەی خۆت بێت بۆ تێکدانی شیرازە و کۆمەڵگای خۆت، ترسناکییەکەی لەوەدایە، کە سەرچاوەکەی لەناوەوەی خۆتە و وەک بەشێک لە کۆمەڵگاکەی خۆت مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەکەی دەکەیت، ئەوەش وا دەکات کاریگەری و کارتێکەری زیاتری لەسەر جەماوەر هەبێت.
بەڵێ، کاتێک پڕۆپاگەندە دەکرێت دژ بە حکوومەت و دەسەڵات، تەنیا سەرنج لەسەر لایەنە نەرێنییەکان چڕ دەکرێتەوە، کار دەکرێت لەسەر بە خراپ پیشاندان و نەهێشتنی متمانە و ئومێد بە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی، ئەو دروستکردنی نامتمانەییە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسیی، لە بنەڕەتدا یەکێک لە ئامانج و کارتێکەرییەکانی پڕۆپاگەندەیە.