هه‌واڵ

فواد حوسێن: هەوڵدەدەین گاز هەناردە بکەین

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێڵی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و وەک عێراق هەوڵدەدەن لە چەند ساڵی داهاتوودا گاز هەناردەی دەرەوە بکەن.

 

ئەمڕۆ شەممە، ٢ی ئاداری ٢٠٢٤، فواد حوسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە سێیەمین کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا لە تورکیا ڕایگەیاند، لە دیدارەکانیان لەگەڵ لایەنی تورکی، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ دەستکردنەوە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی دا، ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوت هەیە و حکوومەتی عێراقیش لەگەڵ کۆمپانیا سەرکارەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕوونیکردەوە، کە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، کاریگەری گەورەی لەسەر بواری ئابووری عێراق بەگشتی هەیە و باسیشی لەوە کرد، کە هەوڵدەدەن لە چەند ساڵی داهاتوودا، لەگەڵ نەوت، دەست بە هەناردەکردنی گازیش بۆ دەرەوە بکەن و بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستیان بە بەهێزکردنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

هەر لەوڕووەوە، فواد حوسێن، پەیوەندییە بازرگانییەکانی عێراقی لەگەڵ ئێران و تورکیا بە “زۆر بەهێز” وەسف کرد.

لێدوانەکەی فواد حوسێن لەکاتێکدا دێت، کە پێشتر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، عێراق ڕۆژانە ١٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا گاز دەسووتێنێت و هەزار ملیۆن پێ سێجا گازیش لە ئێرانەوە هەناردە دەکات. سوودانی هەروەها گوتی: “سووتاندنی گازەکە ٤-٥ ملیار دۆلار لەسەرمان دەکەوێت و هەناردەکردنیشی نزیکەی چوار ملیار دۆلارمان لەسەر دەکەوێت“.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...