هه‌واڵ

مەسعوود بارزانی: نابێ لەژێر هیچ گوشارێكدا دەستکەوت و ئامانجەکانی ڕاپەڕین لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن”.

 

ئەم گوتانەی بارزانی، لە میانەی پەیامێکیدا هات، کە ئەمڕۆ سێشەم، ٥ی ئازاری ٢٠٢٤، بەبۆنەی سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕین ڕایگەیاند.

 

دەقی پەیامەکە:

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.

ڕاپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگریی و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو و بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا. خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکار پەیامێکی زۆر ڕوون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا هه‌بووه‌ و ده‌شمێنێ.

دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە  دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن.

 

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین

و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان

مسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button