هه‌واڵ

بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “وەکچۆن لەماوەی ڕابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم ڕێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی ڕاستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات”.

 

ئەمڕۆ سێشەم، ٥ی ئازاری ٢٠٢٤، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕین بڵاوکردەوە و لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێ: “دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەهیدەکانمانی لەپێناو ڕژا، وەکخۆی نەهاتنەدی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش هیوامان بۆ خواستبوو”، زیاتر دەڵێ: “بەڵام وەکچۆن لەماوەی ڕابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم ڕێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی ڕاستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات”.

 

دەقی پەیامەکە:

 

هاونیشتمانییانی خۆشەویست

جەماوەری خۆشەویستی رانیە و دەڤەری راپەڕین

ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی راپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کورد و جوامێری و ئازایەتیی ئێوە دەکەینەوە، یادی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە گڕیان لە شەوەزەنگ بەردا و مژدەی داهاتوویەکی رووناکتریان بە کوردستان بەخشی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت ئێوە چ مێژوویەکی پڕ لە شانازی و درەوشاوەتان تۆمارکردووە و چەند رۆڵەی قارەمانتان بەم خاکە بەخشیوە، لە یادمانە چەند ئازارتان چەشت و لە چ دەربەدەرییەکدا ژیان، بۆ ئەمەش یەکێتی هەمیشە قەرزاری ئێوە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکانمانە.

دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەهیدەکانمانی لەپێناو رژا، وەکخۆی نەهاتنەدی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش هیوامان بۆ خواستبوو. بەڵام وەکچۆن لەماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات.

لەماوەی رابردوودا بە پشتیوانیی خوا و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان هەنگاوی کاریگەرمان لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان ناوە و ئەنجامەکەشی لای هەموولایەک روونە، بێگومان هەر کارێکیش کە کردوومانە و دەیکەین لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان دەبێت و هەموو ئامانجێکمان سەرفرازیی خەڵک و پاراستنی خاکی کوردستانە.

دروود بۆ رۆحی شەهیدان و سەربەرزیی بۆ کەسوکارە خۆڕاگرەکەیان

شاد و سەرفرازبن

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button