هه‌واڵ

گوتەبێژی حکوومەت پەلەی کرد و هەڵەی کرد

زێدپرێس

گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سبەی سێشەم پشووی فەرمییە، دواتر فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕای گەیاند، چوارشەم ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣ پشووی فەرمییە، دوای ئەوەی گوتەبێژی حکوومەت بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ڕاگەیەنراوەکەی لە فەیبسووک لابرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاوی کردەوە، بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی کۆچی، سبەی سێشەم ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، لەسەرجەم فەرمانگە و دامودەزگە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.

هەرئەوکات، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوای خۆرئاوابوون، وەزارەتی ئەوقاف ڕۆژی یەکی موحەڕەمی سەری ساڵی کۆچی دەستنیشان دەکات و حکوومەت ڕۆژی پشوو لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت. ئەوەش ڕاستکردنەوەیەک بوو بۆ ڕاگەیەنراوەکەی گوتەبێژی حکوومەت، بەوەی هێشتا حکوومەت بڕیاری لەسەر ڕۆژی پشووەکە نەداوە.

بەماوەیەکی کەم، دوای بڵاوکردنەوەی، هەورامانی، بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ڕاگەیەنراوەکەی لەسەر هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سڕیەوە. پاش ئەوەی زۆرینەی کەناڵە میدیاییەکان پاڵپشت بە ڕاگەیەنراوەکەی گوتەبێژی حکوومەت، بڵاویان کردەوە، کە ڕۆژی سێشەم پشووی فەرمییە لە کوردستاندا.

پاش چەند کاتژمێرێک، ئەمشەو، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بڵاوی کردەوە، کە چوارشەم ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٣ پشووی فەرمی دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا و جارێکی دی میدیاکان ڕۆژی سێشەمیان بۆ چوارشەم گۆڕی.

تا ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەیش، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەت، هیچ لێدوان و ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دەستنیشانیکردنی ڕۆژی چوارشەم وەک پشووی فەرمی نەبووە.

ڕۆژی پێنجی تەمووزی ٢٠٢٣، بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشەوا هەورامانی بە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم دەستنیشان کرا. هەرچەند جووتیار عادل لە پێگەی گوتەبێژی حکوومەت نەما، بەڵام هێشتا هەر بە بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان مایەوە.

هەورامانی لە ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا، سوپاسی گوتەبێژی پێشووی حکوومەتی کرد و گوتی “پێکەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن و وەک یەک تیم هەماهەنگیی بەردەواممان دەبێت”، بەڵام وەک دەردەکەوێت، پەیوەندی و هەماهەنگییەک لە نێوانیاندا نییە.

پێشەوا هەورامانی، ئەندامی خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێشتریش وەک میدیاکار کاری دەکرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...