هه‌واڵ

خەرجیی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرووی ٢٠ هەزار دینار بەرزکرایەوە

هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن لەسەر بەرزکردنەوەی خەرجیی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرووی ٢٠ هەزار دینار.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٧ی ئازاری ٢٠٢٤، كەمال مەحمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەکالەت، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند، لە دوو کۆبوونەوە لە بەغدا ڕوونکردنەوەی تەواویان بە لێژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی عێراق داوە، کە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرابوون.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکاندا نوێنەرانی ١١ کۆمپانیای سەرکار لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بەشداریان کردووە.

ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا، هەردوو لێژنەکە  باوڕەیان هات كە خەرجیی دەرهێنانی نەوت لە هەشت هەزار و ٩٠٠ دینارەوە بۆ ٢٠ هەزار و ٦١ دینار بەرز بكرێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێككەوتنێك لە لایەن وەزیری نەوت و پلاندانانی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان واژۆ کراوە.

کەمال محەمەد هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە هەموو شتێک لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە تەواو بووە و بەغدا دەبێت دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لەوەش کرد، کە وەک حکوومەتی هەرێم گرفت لەوەدا نییە کە داهاتی فرۆشی نەوت بۆ گەنجینەی عێراق بگەڕێتەوە، بەمەرجێک ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی خەرج بکرێن.

نزیکەی ساڵێکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی بۆڕییەوە بۆ تورکیا ڕاگیراوە، پاش ئەوەی دادگای ژووری بازرگانی پاریس لەسەر سکاڵایەک کە حکوومەتی عێراق لەدژی تورکیا و پێوەست بە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا تۆماری کردبوو، لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاری دەرکرد و حکوومەتی تورکیایش ڕاستەوخۆ پابەندبوونی خۆی بە ناوەڕۆکی بڕیارەکە ڕاگەیاند. لەوکاتەوە تا ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە.

کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت و سەرچاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بە نزیکەی ١١ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنن. ئەوە کۆی ئەو زیانەیە بەر کۆمپانیاکان و حکوومەتەکان کەوتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...