کۆسرەت ڕەسووڵ: هەولێر شارێکی زیندووە و هەرگیز ستەمکاری قبوڵ ناکات
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، ١٠ی ئازاری ٢٠٢٤، کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی لە پەیامێکی تایبەتدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئازادکردنی شاری هەولێر لە ١١ی ئازاری ١٩٩١دا، ڕایگەیاند، “هێشتا ئامانج و ئاواتەکانمان نەهاتۆتەدی، پێویستە خەبات بەردەوام بێط بۆ بەدیهاتنی ئاواتە بەدینەهاتووەکانمان و هەموومان دەست لەناودەست لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان”.
کۆسرەت ڕەسووڵ زیاتر دەڵێ: “ئەرکی هەموومانە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و خەبات بکەین لەپێناو ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانە بۆ گەلی کوردی قارەمان و خۆڕاگر، ئەو گەلەی بۆ هیچ دوژمنێک سەری دانەنواندووە و داشینانوێنێت”.
دەقی پەیامی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی لە ساڵیادی ڕاپەڕین و ئازادکردنی هەولێر
(٣٣)هەمین ساڵیادی ئازادکردنی هەولێری قەڵا و منارە، هەولێری تێکۆشەران و قارەمانان لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەولێرییە سەربەرزەکان بەتایبەتی پیرۆز دەکەم و ئومێد دەکەم ئەم یاد و رۆژە پیرۆزە هەوێنی ئاشتەوایی و تەبایی نێوانمان بێت.
ئەوپەڕی شانازییە بۆ من، ئەوێ رۆژێ بەرەی کوردستانی سەرپەرشتی ئازادکردنی هەولێریان پێ سپاردم، بە بەرنامەیەکی ورد کارمان کرد و بەهاوکاری شانە چەکدارەکان و رێکخستنە نهێنییەکان و هەولێرییە تێکۆشەر و قارەمانەکان کە پشتیوانێکی گەورە بوون بۆ لەناوبردنی ستەمکاری، توانیمان هەولێر کە گەورەترین مۆڵگەی دامودەزگاکانی بەعس بوو ئازاد بکەین و لە بەعس پاکی بکەینەوە، بۆیە ئەو رۆژە هەموو کەس شانازی دەکرد هەولێری بێت.
ئەوێ رۆژێ هەولێرییەکان سەلماندیان هەولێر شارێکی زیندووە و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە و هەرگیز ستەمکاری قبوڵ ناکات.
ئەمڕۆش کە یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەکەینەوە دووپاتی دەکەمەوە کە هێشتا ئامانج و ئاواتەکانمان نەهاتۆتەدی، پێویستە خەبات بەردەوام بێ بۆ بەدیهاتنی ئاواتە بەدینەهاتووەکانمان و هەموومان دەست لەناودەست لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان، ئەرکی هەموومانە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و خەبات بکەین لەپێناو ژیانێکی شایستەو شەرەفمەندانە بۆ گەلی کوردی قارەمان و خۆڕاگر، ئەو گەلەی بۆ هیچ دوژمنێک سەری دانەنواندووەو داشینانوێنێ.
دووبارە پیرۆزە ساڵڕۆژی ئازادکردنی هەولێر، سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی کوردو کوردستان دادەنوێنم.
کۆسرەت رەسول عەلی
١١/٣/٢٠٢٤