هه‌واڵ

هەڵمەتی کۆکردنەوەی پاشماوەی دەرمانی بەسەرچوو و بەکارنەهاتووی ماڵان ڕاگەیەنرا

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، هەڵمەتی نیشتمانی کۆکردنەوە و لەناوبردنی پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچووی ماڵانی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەم ٢١ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە هەماهەنگى سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى خزمەتگوزارى ژینگەی پارێزگاى هەولێر، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (هەڵمەتی  نیشتمانی کۆکردنەوە و لەناوبرنی پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچووی ماڵان)ى ڕاگەیاند.

ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هەڵمەتە نیشتمانییەکە، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بەڕێوەچوو. هەریەک لە عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگە، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر، سەرۆکى شارەوانى و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر و پزیشک و پسپۆڕان و بەرپرسانى یەکە کارگێرییەکان لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبوون.

بەڕێوەبەری گستی تەندروستی هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و هەڵمەتەکەی وەک پڕۆسەیەکی گرنگی پاراستنی خاک و ژینگەی کوردستان ناساند. هۆشیارکردنەوە و پێزانینی هاووڵاتیانی لە فڕێدانی دەرمان بەشێوەیەکی زانستی و دروست، بە جیا لە پاشماوەی ماڵان بە پێویست زانی، چونکە وەک گوتی “تێکەڵکردنی دەرمان لەگەڵ پاشماوەی ئاسایی، دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و ژەهراویبوون و مەترسی لە سەر تەندروستی مرۆڤ”.

زیاتر گوتی “بەپێویستی دەزانین کە هاووڵاتیان لەم پرسەدا هۆشیاربن و ئاگاداری وردەکاری ڕێنماییەکان بن، کە بریتیە لە جیاکردنەوەی پاشماوەی دەرمان، لە پاشماوەی ئاسایی و دەتوانن لەڕێگەی کیسەیەکی تایبەت دەرمانی ماوە بەسەرچوو یان بەکارنەهاتوو دەستاودەست بدرێت بە ئۆتۆمبێلی شارەوانی یان ببردرێتە نزیکترین بنکەی تەندروستی لە گەڕەک تاوەکوو بەشێوەیەکی زانستی لەناوببردرێت”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، باسی لەوە کرد، لەڕێگەی سەندیکای دەرمانسازان گشت دەرمانخانەکان ئاگادار دەکرێنەوە و دەبێت ئەو کیسەی کە دەرمانی تێدا دەدرێت بە هاووڵاتی، ڕێنمایی چۆنیەتی فڕێدانی دەرمانی تێدا بنووسرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان دوای بەکارهێنانی دەرمان، لەڕێگەی هەمان کیسەوە، پاشماوەی دەرمانەکە بدەنە دەست ئۆتۆمبێلی شارەوانی تا لەڕێگەی سوتێنەرەکانەوە بەشێوەی زانستی لەناوببردرێت”.

جێبەجێکردنی “هەڵمەتی  نیشتمانی کۆکردنەوە و لەناوبردنی پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو، یان ماوەبەسەرچووی ماڵان” بەم شێوەیە دەبێت:

  1. هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەى ڕۆژانە لە گەڕەک و شوێنە گشتییەکان زبڵ و پاشماوە کۆدەکەنەوە، شوێنێکى تایبەتیان دەبێت بۆ پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچوو و هاووڵاتییانیش دەرمانى بەکارنەهاتووە و بەسەرچووەکانى ماڵەکانیان لە کیس و زەرفى تایبەتدا، جیا دەکەنەوە لە زبڵ و پاشماوەى ئاسایی ماڵەکانیان.
  2. لەسەرجەم بنکە تەندروستیی و نەخۆشخانەکان، سەلەى زبڵى تایبەت دیاریکراوە بە پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچوو و بەهامان شێوە هاووڵاتییان دەتوانن دەرمانى بەکارنەهاتووە و بەسەرچووى ماڵەکانیان لەکاتى سەردانیان بۆ ئەو شوێنانە، فڕێبدەنە ناو ئەو سەلە تایبەتانەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...