هه‌واڵ

وادەی پێشکەشکردنی لیستی پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕاگەیەندرا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی پێشکەشکردنی لیستی پاڵێوراوانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ دووشەم، ١١ی ئازاری ٢٠٢٤، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وادەی پێشکەشکردنی لیستی پاڵێوراوانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، کە پاڵێوراوانی هاوپەیمانییەکان، حزبە سیاسییەکان و پاڵێوراوانی تاک دەگرێتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پێشکەشکردنی ناوی پاڵێوراوان لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤ دەست پێدەکات و تا ڕۆژی هەینی ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٤ کۆتایی دێت.

ڕۆژی ٣ی ئازاری ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان واژۆ كرد.

له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا پاڵپشت به‌ بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی (ده‌یه‌م) له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هه‌مواركراو، نێچیرڤان بارزانی بڕیاری داوه‌ به‌ دیاریكردنی ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ به‌ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

به‌پێی فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانی كاری پێویست بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م فه‌رمانه، کە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

هەمان ڕۆژ (٣ی ئازاری ٢٠٢٤) کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانییەکانی کردەوە و ڕایگەیاند، تۆمارکردنی هاوپەیمانییەکان لە ڕۆژانی ٥ی ئازار تا ١٤ی ئازاری ٢٠٢٤ دەست پێدەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button