پارتی بەتوندی وەڵامی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ دەداتەوە
ڕۆژی ١١ی ئازاری ٢٠٢٤، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادکردنی شاری هەولێر، شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی و کۆسرەت ڕەسووڵ، ڕایگەیاند، “خۆت سەرکردایەتیت کرد و ئازادت کرد، ڕۆژێک دادێ وەریدەگرینەوە”. لەبەرانبەر ئەو گوتەیەدا، لقی دووی پارتی ڕاگەیەندراوێکی توندی بڵاوکردەوە، کە تیایدا دەڵێ هیچ هێزێک ناتوانێ هەولێر بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی چەتەیی و دزی و جەردەیی و مافیاگەرایی.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی لقی دووی پارتی:
هیچ هێزێک ناتوانێ هەولێر بگەڕێنیتەوە سەردەمی وێرانەیی و مافیاگەرایی
دەنگی نەشازی هەندێک کەس و لایەنمان دێتە بەرگوێ گوایە خەون بە گەڕاندنەوەی هەولێر بۆسەردەمی حوکمی میلیشیایی و مافیاگەرایی و دزی و جەردەیی و سەرانەوەرگرتن دەبینن و بەعەقڵی بچوکی خۆیان پێیان وایە ئەو هەولێرەی لەسایەی پارتی و جەنابی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێم بۆتە ناوەندێکی بەهێزی سیاسی و ئابوری و سەربازی و فەرهەنگی پیکەوەژیان، دەتوانن بیگەڕیننەوە سەردەمی تاریکی و چەتەگەرایی..!
دوای شاربەدرکردنی ئەو سەرلێشێواوانە و ئازادکردنی هەولێر لەچنگی ئەو مافیاو چەتانە و گەڕانەوەی هێزی یاساو شەرعیەت بۆشارەکەمان و لەژێر چەتری دەوڵەتداری و دامەزراوەی شەرعی و یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و بەئیرادەی خەڵکە خۆڕاگرەکەی بوە پایتەختە درەوشاوەکەی هەموان لەناوچەکەداو دروست لەو شوێنانەی ئەوان کردبویانە گۆڕستانی خەڵکو لەو شوێنانەی بەزەبری چەک سەرانەیان لەهەولێریە سەربەرزەکان وەردەگرت و لەوجێگایانەی کەدەستدرێژیان دەکردە سەر ماڵ و ژیانی خەڵک، ئاوەدانی و گەشەسەندن و ئارامی و سەقامگیری بنیاتنراو ئەوانیش چونە زبڵدانە ڕەشەکەی مێژوەوە، سەیرە تاکوئێستاش خەونی نەزۆکی وێرانکردنەوەی هەولێرو گەڕاندنەوەی بۆسەردەمی حوکمی رەشی خۆیان دەبینن.
هەولێریەکان دەپرسن، دەتانهەوێ هەولێر بگەڕێننەوە کامە سەردەم..؟..!!
سەردەمی مافیاگەراییتان یان ئەوسەردەمەی خەڵکتان بەعەلاگەی رەشەوە تیرۆردەکرد، سەردەمی ڕفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل و سەروماڵی خەڵک یان ئەوسەردەمەی خەڵکی ئازاو چاونەترسی ئەو شارەتان شەهید دەکردو گۆڕبزرتان دەکردن، دەتانهەوێ هەولێر بگەڕێننەوە سەردەمی سەرانە وەرگرتن لەخەڵک و حوکمی قەرەقوشتان یان مەبەستتانە وەک پارچەکانیتری نیشتیمانەکەمان بیکەنە کاڵاو بەدوژمنانی بفرۆشن..؟..!
خەیاڵتان خاوەو دەبێ هەر بەو ئاواتەوە سەربنێنەوەو خەونە نەزۆکەکانیشتان وەک خەونی ئەوانەی پێشخۆتان دەبەنە قەبرەوەو ئەوەی ئاغاو گەورەکانتان پێیان نەکراو پێیان وەرنەگیرا، بێگومان بن ئێوەی بچوک و ناکامڵیش پێتان ناکرێ و پێتان وەرناگیرێت، هەولێریش بەبەرچاوی شۆڕتانەوە ڕۆژ بەرۆژ لەسایەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەربەرەو بەرزی و بەرەو گەشەسەندن و سەرکەوتن هەنگاودەنێت و ئێوەش بەوبچوکی و نابوتیەی پێیەوە ناسراون لەمێژودا ناوتان تۆماردەکرێ.
لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان
١١ی ئازاری ٢٠٢٤