هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوی دژەتیرۆر لەبارەی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەولێر

زێدپرێس

 

بە ڕێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە دوو کاتی جیادا هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دژەتیرۆری کوردستان/پارتی، ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە ئاسماندا تەقێندرانەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەر بەیانیی ئەمڕۆ لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر هەمان شوێن، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەنەتەقیوی کەوتە خوارەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم، لەگەڵ هێرشە درۆنییەکەدا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لێی دا.

لەگەڵ ئەو بارگرژییانەی بەهۆی جەنگی ئیسڕائیل و حەماس لە ناوچەکەدا بەگشتی دروستبووە، هەر لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە جارێک بە درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام درۆنەکان ئامانجەکانیان نەپێکاوە و لەڕێگەی سیستەمی دژەدرۆنەوە، خراونەتە خوارەوە.

دوێنێ دووشەم، ٦ی تشرینی دووەم، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر و هەریر، هەروەها بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان پیشان دەدا.

پێشتریش لەگەڵ هەر هێرشێکدا، گرووپەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاندووە.

بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم، چەند گەشتێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەڵوەشانەوە و دواتر بەیانی ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە، ئاساییبوونەوەی گەشتەکانی ڕاگەیاند.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...