ئاوات شێخ جەناب: ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ مامەڵەی بەغدای لەگەڵ هەرێم ڕەت کردەوە
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە دواكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵ كراوە و بڕگەیەكیش بۆ دابەشكردنی مووچە تەرخانكرا، بەكۆی دەنگی وەزیرانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بڕیاردراوە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕەت بكرێتەوە.
سەبارەت بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گوتی: مامەڵەكردنی وەزارەتی دارایی بەرانبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵییە، بڕیارەكەی دادگا باسی لەوە كردووە سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق بەهەرێمی كوردستانەوە بەیەك جۆر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیكردەوە: بۆ دابەشكردنی مووچەم سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێویستمان بەبڕی زیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە، بەڵام بەغدا ٥٦٠ ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە، بەوەش مووچەی شەهیدان و دامەزراوە ئەمنییەکان و مووچەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و ٣٠٧ هەزار ئەندامی دەزگا ئەمنییەكان نەناردووە.
لەسەر ناردنی لیستی مووچەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، وەزیری دارایی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، وەزارەتی دارایی سەرجەم لیستەكانی بۆ بەغدا ناردووە و لەلایەن تەیف سامی، وەزیری داراییەوە بەبێ كێشەیە ناوبردراوە، وەزارەتی دارایی هیچ پاساوێكی نەناردنی مووچەی بۆ عێراق نەهێشتووەتەوە.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند: داهاتی ناوخۆ ٣٧٤ ملیار دینار نییە، بەڵكو بەشێكی داهاتەكە لەناو فەرمانگەكاندا چەكە و كاش نییە، بەشێكی دیكەی كە وەك داهات هەژمار دەكرێت، بەڵام بەشێوەی قەرزی ئاو و كارەبا و قەرزەكانی دیكەیە كە لەلای هاووڵاتییانە و بەشێوەی كاش ناگەڕیتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لێدوانەکانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە میانەی دیدارێک هات، کە کەناڵی کەی ئێن ئێن لەگەڵی سازکردبوو.