هه‌واڵ

شارەزایەکی دارایی: ساڵی ئایندە هیچ ئومێدێک بە هاتنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم نییە

زێدپرێس

 

شارەزایەکی دارایی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ساڵی ئایندە هیچ ئومێدێک بە هاتنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم نییە لەلایەن بەغداوە و تاکە چارەسەرییش بریتییە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و لابردنی ئەو مادەیەی کە شایستە داراییەکانی هەرێمی پەیوەستکردووە بە خەرجی فیعلییەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەرێم ڕێبوار مامۆستای زانکۆ و شارەزای دارایی، لە بابەتێکی تایبەت کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، باس لە ئەستەمی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەکات بۆ ساڵی داهاتوو.

شارەزاکە ڕوونی دەکاتەوە، کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی عێراق خەرجییە فیعلییەکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوو بە نزیکەیی گەیشتووەتە ڕێژەی ٧٠٪ لە کۆی گشتی بودجە. ‏‎بودجەی پەسەنکراوی عێراق ١٩٩ تریلیۆن دینارە، لەم پارەیەش ڕێژەی ٧٠٪ی لێ دەردەکرێت بۆ خەرجییە فیعلییەکان کە بە نزیکەیی دەکاتە ١٣٨ تریلیۆن دینار و تەنیا ٦٠ تریلیۆن دەمێنێتەوە و لەو ٦٠ تریلیۆنە پشکی ١٢.٦٧٪ بە هەرێم دەدرێت کە دەکاتە نزیکەی ٦.٧ تریلیۆن دینار، بەبێ کۆمەڵێک لێبڕین و مەرج کە لەسەر هەرێم سەپێندراوە.

لەناو ئەو مەرج و لێبڕینانەی بەسەر هەرێمدا سەپێندراوە، وەک هەرێم ڕێبوار ڕوونی دەکاتەوە، بەم جۆرەن:

١. بە گوێرەی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم داهاتی ناوخۆی هەرێم بە نزیکەی ٨.٤ تریلیۆن دیناری عێراقی خەمڵێندراوە. کە لە ئەساسەوە لەو ٦.٧ تریلیۆنە دەیبڕن کە لە کۆی گشتی بودجە دوای خەرجییە فیعلییەکان بۆ پشکی هەرێم دیاریکراوە، کە نزیکەی ٢.٨ تریلیۆن دەمێنێتەوە.

٢. جگە لەوەی بە قەرز کۆتا سێ مانگی ئەمساڵ سێ جار ٧٠٠ ملیار دینار قەرز بە هەرێم دراوە، کە ئەویش پاش تەسفیەیی حسابات دەبێ بگەڕێندرێتەوە.

٣. کۆی قەرزە کەڵەکەبووەکانی هەرێم لای حکوومەتی ناوەندی ٢.٤ ملیار دۆلارە، کە پێویستە لە ماوەی حەفت ساڵ بدرێنەوە، کە مانگانە بۆ ئەو قەرزانە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار لە پشکی هەرێم دەبڕن. دیسان لە کۆی ئەو ٢.٨ تریلیۆنە دەبێت کە ماوەتەوە.

٤. کێشەی هەناردەی نەفت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نەفتییەکان و تێچووی بەرهەمهێنانیش کێشەیەکی دیکەیە کە حکوومەتی عێراقی داوای لە هەرێم کردووە نابێ تێچووی بەرمیلێک ٩ هەزار دینار تێپەڕێنێت ئەگەر نا زیادەکەی لە پشکی هەرێم دەبڕن.

وەک مامۆستاکەی زانکۆ ڕوونی دەکاتەوە، بەم دەرەنجامە، “ساڵی ئایندە هیچ ئومێدێک بە هاتنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم نییە لەلایەن بەغداوە” و زیاتر دەڵێ، “تاکە ڕێگەش جگە لە ڕێککەوتنی سیاسی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و لابردنی ئەو مادەیەی کە شایستە داراییەکانی هەرێمی پەیوەستکردووە بە خەرجی فیعلی، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە لەم دۆخە کە ناوماڵی کوردی لەوپەری خراپییە”.

هەرێم ڕێبوار، هەر لەو ڕوانگەیەوە و پێوەست بە پرسی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەڵێ، “کێشەی مووچەش بەم دەرنجامە دەچێتە قۆناغێکی دژوارترەوە.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...