بزووتنەوەی گۆڕان: پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە
ئەمڕۆ سێشەم، ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤، بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لەپێناو پڕۆسەی دیموکراسی، گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان، ڕەوایەتیدان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان؛ پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان؛
لەپێناو پڕۆسەی دیموکراسی، گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان، ڕەوایەتیدان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان؛ پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە.
لەم ڕاستیەوە، باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە، بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنێک وەڵامگۆی پێداویستیە نیشتمانی، قانوونی، دامەزراوەیی و بەپیرەوەچوونی ژیان و گوزەران و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بێت، لە هەمووی پڕبایەختر لەڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانەوە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بکرێت.
بزووتنەوەی گۆڕان
١٩ی ٣ی ٢٠٢٤