مەسعوود بارزانی: پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی شەفافدایە
ئەو گوتانەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق هات، کە ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤ لە سەلاحەددین پێشوازی لێکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی “بارەگای بارزانی”، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كراوە و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، پەیوەست بەو بابەتە و بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و داواكاری و مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە “لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسییەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت”.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بارزانی “سوپاسی پەرۆشی و دۆستایەتیی ئەمریكای كرد” و ئاماژەی بەوەدا كە “پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی ٢٠١٤ەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان”.
سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان هێماشی بەوەدا كە “شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت”.
هەر لەو كۆبوونەویەدا بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە “بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی زۆر ڕوونە. پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێكدایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە”. هەروەها دەڵێ: “ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون”.
بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە “گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نییە، بەڵكو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان”.
لە درێژەی قسەكانیدا بارزانی ڕایگەیاند “ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟”.
جەختی لەوەش كردەوە كە “هەڵوێستی پارتی و تێبینییەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن”.