هه‌واڵ

لە ١ی نیسانەوە کار بە ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی ناکرێت

تا ئێستا زیاتر لە ٣٦ ملیۆن هاووڵاتی لەسەرتاسەری عێراق كارتی نیشتیمانییان دەرهێناوە و لە ١ی یەكی نیسانیشەوە كار بە بەڵگەنامە کۆنەکانی وەك ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی ناكرێت.

 

ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لەوەتەی دەستپێکردنی پڕۆژەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانییەوە لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا، ٣٦ ملیۆن و ٧٥١ هەزار و ٣٦٢ هاووڵاتی لەسەرتاسەری عێراق کارتی نیشتمانیان دەرهێناوە.

شەمەری ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی ٣٣٠ هەزار فەرمانگەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە مامەڵەی هاووڵاتییانیان ڕایی کردووە.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە، لە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ەوە چیتر کار بە بەڵگەنامە کۆنەکانی وەک ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی ناکرێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی، لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان گفتوگۆیان كردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كارتی نیشتیمانی، لە بری كارتی دەنگدانیش بەکاربهێندرێت.

عەبدولئەمیر شەمەری، باسی لەوە کرد، کە ئێستا قۆناغی یەکەمی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی تەواو بووە و قۆناغی دووەم بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچێت و تایبەت دەبێت بە باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...