هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازار لە بەغداوە ڕادەگەیەنێت.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، ٣ی نیسانی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی و ئابووری گەڕانەوەی شاندی هەرێمی کوردستانی لە بەغداوە بۆ هەولێر ڕاگەیاند.

شاندەکە، ئێوارەی دوێنێ سێشەم، بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی بەغدای کرد، بەمەبەستی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، لەناویاندا مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و هەروەها مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئاماژەی بە ئەنجامدانی “چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو” لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە.

هەروەها جەختی لەسەر چارەسەرکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش کردووەتەوە، لەپاڵ “تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان” و دوای ئەوەش، شاندەکە کۆتاییان بەسەردانەکەیان بۆ بەغدا هێناوە و بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...