هه‌واڵ

لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدا تاوتوێ کران

لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کراون و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا جددییە.

 

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، شه‌وی شه‌ممه ٦ی نیسانی ٢٠٢٤، به‌شداری له‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نه‌ شیعییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وریی هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا كرد كه‌ تا دره‌نگانی شه‌و به‌رده‌وام بوو.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە له‌ كۆبوونه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ گرنگیی هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و كاری پێكه‌وه‌یی و پاراستنی ده‌ستوور و سیستمی فیدڕاڵی كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌بوونی ڕوانگه‌ی هاوبه‌شی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و داهاتوو به‌ پێویست زانی.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانی نێوانیان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ “هه‌رێمی كوردستان جددییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جه‌ختی له‌ هه‌بوونی میكانیزمێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری له‌نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌ردوولادا كرده‌وه”‌.

لای خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌كه‌، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ به‌شداریی نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ “خواستێكی هاوبه‌ش بۆ لێكگه‌یشتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییان به‌ پێویست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌مدا.”

هەر بەگوێرەی ڕاگەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تیشدا، دۆسیه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، گرنگیی جێبه‌جێکردنی ڕێککه‌وتنی هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تی فیدڕاڵی، دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كارنامه‌ی حكوومه‌ت، خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌رنامه‌ی سه‌ردانی چاوه‌ڕوانكراوی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، تاوتوێ كران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...