هه‌واڵ

پارێزگای هەولێر: لە ڕۆژانی جەژن ٣٠ تاوان لە هەولێر کراوە

لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان زیاتر لە ٦٩ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر و هەر لەو سێ ڕۆژەشدا ٣٠ تاوان لە شارەکە کراوە و ٢٨ تاوانیان ئاشکرا کراون.

 

پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامارەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پلان و ئامادەکارییەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لەلایەن لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێرەوە ئامادەکاری بۆ کرا بوو، “وەکوو خۆی و بە سەرکەوتوویی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێ کرا”.

 

زیاتر لە ٦٩ هەزار گەشتیار لە هەولێر بوون

ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە ٦٩ هەزار و ٤٩٩ گەشتیار.

پارێزگای هەولێر دەڵێ، تەواوی ئەو پلانەی بۆ گەشتوگوزار لە ڕۆژانی جەژن دایانڕشتبوو، وەک خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکراون، لەوانەش دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها پێکهێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان.

 

پۆلیس و ئاسایشی هەولێر

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، “وەکوو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرکدابوون”.

هاوکات سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان “لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەکانی وەکوو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێکراون”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لەماوەی سێ ڕۆژی جەژندا، ٣٠ تاوان تۆمارکراون، کە ٢٨ تاوانیان ئاشکرا کراون و دوو تاوانیش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

 

هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژندا

لە ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، هاتووە کە “وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکوو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، پێنج ڕووداوی هاتووچۆ ڕویاندا و لە ئەنجامیاندا ٢٠ کەس برینداربون و کەسێکیش بەداخەوە گیانی لەدەستداوە”.

 

بەرگری شارستانی

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان لە ئەرک دابوون، لەو ماوەیەشدا پێنج حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی

هەر بەگوێرەی پارێزگای هەولێر، تەواوی تیمە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرکدابوون، لەسێ ڕۆژی جەژن هەشت هەزار و ٧٨٦ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، ١٤٠ منداڵ لەدایک بوون و ٢٤٠ نەشتەرگەری بچووک ئەنجامدراوە و ٩٧٩ حاڵەتی شوشتنی گورچیلە و ٥٢ حاڵەتی سووتان هەبووە.

 

سەرۆکایەتی شارەوانی

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرکدابوونە و لەو ڕۆژانەشدا هەشت هەزار و ١٥٠ تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...