هه‌واڵ

زیاتر لە ٣٠ جۆر خواردنەوەی وزەبەخش لە هەرێمی کوردستان قەدەخەکران

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر ٣١ جۆر خواردنەوەی وزەبەخش دادەگرێت و لەناویاندەبات كە هیچ ڕێگاپێدانێکیان نییە و تۆمارنەكراون لە وەزارەتی تەندروستی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی دا، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ٣١ جۆر خواردنەوەی وزەبەخش كە بەبێ بوونی نووسراوی ڕێگەپێدانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕن و ئەمەش بە قاچاغ و نەشیاو بۆ بەکارهێنان ئەژمار دەکرێت، لەبەرئەوە كۆدەكرێنەوە و لەناودەبردرێن.

بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، پێویستە ڕێگەپێدان بە دروستکردن یان هاوردەکردنی خواردنەوە وزەبەخشەکان (مەشروبات تاقە)، لە وەزارەتی تەندروستی وەربگیرێت، بەڵام وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە دوای بە دواداچوونی تیمە چاودێرییەکانی وەزارەتی تەندروستی، “دەرکەوت زیاتر لە ٣١ جۆر خواردنەوەی وزەبەخش هەیە و هیچ ڕێگاپێدانێکیان نییە، ئەوەش بە قاچاغ و نەشیاو بۆ بەکارهێنان ئەژماردەکرێت”.

لەو ڕوانگەیەوە، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت دەست بەسەر سەرجەم ئەو خواردنەوە وزەبەخشانەدا بگیرێت کە لە بازاڕەکاندا هەن و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت و ڕێکاری یاسایی لە بەرانبەر سەرپێچیکاران لەبەربگیرێت.

جێی ئاماژەیە، کە بەشێک لەو خواردنەوە وزەبەخشانەی لە لیستەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژەیان بۆ کراوە، کە ڕێگەپێدانیان نییە، چەندین ساڵە لە بازاڕ و فرۆشگەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن و زۆرجاریش ڕیکلامی بەرفرەوانیان لەڕێگەی کەناڵە میدیاییاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ کراوە و دەکرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...