هه‌واڵ

ڕێنماییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری تایبەت بە کاری میدیایی بە فەرمی هەڵوەشێندرایەوە

ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، بە فەرمی هەڵوەشێندرایەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی بەیانی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٤، کە لە ژمارە ٣١٤ی وەقایعی کوردستان لە ڕێککەوتی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە، تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ی تایبەت بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا.

لە بەیانەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمدا، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران/سەرۆکایەتی دیوان بە ژمارە ٥١١٧ی ڕێککەوتی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ کراوە و پاڵپشت بەو نووسراوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە کاری میدیای هەرێمی کوردستان، کە لە ژمارە ٣٠٥ی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان لە ڕێککەوتی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.

هەروەها لە بەیانەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا هاتووە، کە کار بە ڕێنمایی پێشوو ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٤ ڕێنمایی ڕێکخستنی فریکوینسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەم بڕیارەیش لە ١ی شوباتی ٢٠٢٤ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەر لەگەڵ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ڕەخنە و تێبینی جددی کرایەوە؛ لەلایەک وەک بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و کاری میدیایی پێناسە کرا و لەلایەکی دیکە ناوەڕۆکی ڕێنماییەکە لەڕووی یاساییەوە تێبینی لەسەردرا.

بەرپرسانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە ڕێنماییەکە هەم بۆ ڕێکخستنی میدیای بینراو و بیستراو و هەم بۆ تۆمارکردن و ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنییە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام میدیاکان و شارەزایانی بوارەکە سەرنج و تێبینی جددییان لەسەر چەندین ماددە و بڕگەی ڕێنماییە دا، کە نە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئازادی ڕادەربڕین و کاری میدیایی دەگونجێت نە لەڕووی یاساییشەوە بێگرفت و کێشەهەڵگرە. هەڵوەشاندنەوەی ڕێنماییەکە، هەروەها، جددییەتی ڕەخنە و تێبینییەکان دەسەلمێنێت و چاوەڕوان دەکرێت وەک هەڵوێستێکی ئەرێنییش لەمەڕ حکوومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری لەلایەن میدیاکارانەوە پێشوازی لێ بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...