هه‌واڵ

مەسعوود بارزانی: یان پێكەوە بە سەربەرزی لەسەر ئەو خاكە دەژیین یانیش پێكەوە دەمرین

زێدپرێس

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، كوردستان سەرزەمینی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە. ئەوەش بیردێنێتەوە، کە لە کاتی شەڕی داعشدا، بە شاندێکی پیاوانی کریستیانی گوتووە، نابێت بیر لە جێهێشتنی کوردستان بکەنەوە، یان پێكەوە بە سەربەرزی لەسەر ئەو خاكە دەژیین یانیش پێكەوە دەمرین.

ئەو گوتانەی بارزانی، لە میانەی پێشوازیکردن لە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری هات، کە ئەمڕۆ یەکشەم ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە پیرمام سەردانیان کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، ژمارەیەك لە مەترانەكانی ئایینی كریستیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، یاوەری لویس ساکۆیان کردووە.

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە دیدارەکەدا، كاردیناڵ لویس ساكۆ سوپاسی ئەو ڕێز و پێزانینەی كردووە، كە لە هەرێمی كوردستان بۆ هێما و كەسایەتییەكانی ئایینە جیاجیاكان هەیە. هەروەها سوپاسی فەرهەنگی پێكەوەژیانی كوردستانی كرد كە بووەتە هۆی پاراستنی پێكهاتەكان و مێژوو و كەلتوورەكانیان.

وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لویس ساکۆ “دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی كرد، كە بە حیكمەت و ڕابەرایەتیی خۆی، پێكەوەژیان و ئاشتی و ژیانی هاوبەشی پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی لە كوردستان پێشخستووە، ڕاشیگەیاند كە شانازی بەو ژیانە هاوبەش دەكەین كە بۆ هەموو لایەك لە كوردستاندا هەیە”.

لە بەشێكی تری گوتەكانیدا كاردیناڵ لویس ساكۆ ئاماژەی بە بڕیاری ئەمدواییەی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆككۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان دا، و “بە بڕیارێكی نادروست و مەترسیداری لە قەڵەمدا، كە پێكهاتەی كریستیانی بریندار كردووە و دژی بنەماكانی پێكەوەژیان و ئاشتەواییە”.

هەر لەو دیدارەدا، بارزانی، هێمای بەوەدا، كوردستان سەرزەمینی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە. ئەوەشی خستەڕوو كە “لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا بە شاندێكی پیاوانی ئایینی كریستیانم ڕاگەیاند، كوردستان وڵاتی خۆتانە و نابێ بیر لە جێهێشتنی بكەنەوە، یان پێكەوە بە سەربەرزی لەسەر ئەو خاكە دەژیین یانیش پێكەوە دەمرین”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کە بارزانی نیگەرانیی خۆی لە بڕیارەكەی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆككۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان نیشاندا و هیوای خواست كە پێداچوونەوە بە بڕیارەكە بكرێت و ڕاست بكرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...