ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

تی بی ئای بەشداری لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەکات

بانکی بازرگانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەشداری لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستانیش دەڵێت بانکەکە لە پڕۆژەی “هەژماری من” بەشدار دەبێت و ئەوەش بە “هەواڵێکی دڵخۆشکەر” بۆ مووچەخۆران پێناسە دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٨ی ئایاری ٢٠٢٤، بانکی بازرگانی عێراق (تی بی ئای) لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکی بازرگانی عێراق بەشداری لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکە ڕۆژنامەوانییەکەدا هاتووە، کە شاندێکی بانکی بازرگانی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکەکە لەگەڵ شاندێکی تایبەت لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە میکانیزمی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بانکی بازرگانی عێراق کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر پێویستییەکانی پڕۆسەکە، لە کردنەوەی هەژماری بانکی، دروستکردنی کارتی بانکی و دامەزراندنی ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کردووە، بەمەبەستی وەرگرتن و ڕاکێشانی پارە لەلایەن مووچەخۆرانەوە.

شاندەکەی بانکی بازرگانی عێراق، تەواوی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەبانکیکردنی مووچە و پێدانی کارتی ئەلیکترۆنی بە فەرمانبەرانی کەرتی حکومی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بانکەکە چاوەڕێی حکوومەتی هەرێم دەکات بۆ ناردنی لیستی ناوی فەرمانبەران بەمەبەستی دەستپێکردنی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی بازرگانی عێراقدا.

هەر ئەمڕۆ چوارشەم، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئامادەیی بانکی بازرگانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، “بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات”.

وەزارەتەکە دەڵێ: “بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی بازرگانی عێراق ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کرا”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری زیاتر دەڵێ: “بانکی بازرگانی عێراقی هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فرەوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button