یەکێتی تانەی لە بڕیارەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دا
میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، دوای بڕیارەکەی كۆمسیۆن بۆ ڕاگرتنی ڕێکارە تەکنیکی و داراییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتی لەڕێگەی بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژارنەوە تانە لە بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمیسیاران دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی پەیوەندیدارە بەچۆنێتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر بازنەكاندا نەوەك تەواوی پڕۆسەكە.
ئەمڕۆ چوارشەم، ٨ی ئایاری ٢٠٢٤، جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، سەرجەم ڕێکارە تەکنیکی و داراییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕاگیران.
ڕۆژی پێشتر، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، بڕیاری دا لەسەر ڕاگرتنی کارەکانی پێوەست بە وەرگرتنی لیستی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا یەکلابوونەوەی ئەو سکاڵایەی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە تۆمار کراوە.
پاش سکاڵاکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە جەخت لەسەر ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆن دەکاتەوە، هەر دوێنێ سێشەم، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی لیستی حزبەکە لە پارێزگای هەولێر، سکاڵایەکی دیکەی لە بەرانبەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی تۆمار کرد.