ئابووریهه‌واڵ

جێنێڵ ئینێرجی: هەر بەرمیلێک نەوت بە ٣٥-٤٠ دۆلار دەفرۆشین

کۆمپانیای جێنێڵ ئینێرجی، نوێترین زانیاریی لەبارەی کارەکانی چارەگی یەکەمی ٢٠٢٤ی بڵاوکردەوە. دوو لەو کێڵگە نەوتییانەی نەوتیان لێ بەرهەم دەهێنێت، کێڵگەکانی تاوکێ و تەقتەقن. لە ڕاپۆرتەکەیاندا دەردەکەوێت لەو ماوەیەدا بەرهەمهێنان و فرۆشیان باشتر بووە لە ڕێژەی پێشبینیکراو و بەگشتی لەو ماوەیەدا هەر بەرمیل نەوتێکیان بە ٣٥ تا ٤٠ دۆلار فرۆشتووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پۆڵ ڤێری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت، “لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا داهات و خەرجیمان هاوسەنگ بووە، پێش کاتی دیاریکراومان گەیشتووینەتە ئەوە.” سەبارەت بە کێڵگەی تاوکێش بەتایبەت دەڵێت، “هەتاکوو ئەمڕۆ فرۆشییەکانی زۆر بەهێز بووین، بە زیادبوونی نرخ و مانەوەی خواست لەسەری، پێشبینی دەکەین بەدرێژایی ساڵەکە داهاتەکانمان قەرەبووی خەرجییەکانمان بکەنەوە.” هەروەها لە کۆتاییدا دەڵێت کە “بزنسەکە لە پێگەیەکی دارایی پتەودایە.”

لە ڕاپۆرتەکەدا داهاتی کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠٢٤ بەراورد بە کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کراوە. دەردەکەوێت لە ٣٦٣ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٣٧٢ ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە. لەو پارەیەش ١٢٨ ملیۆن دۆلاری سوودە، بە بەراورد لەگەڵ ١٢٠ ملیۆن دۆلاری کۆتایی ساڵی ڕابردوو. بڕی قەرزیشی بە ٢٤٨ ملیۆن دۆلار وەک خۆی ماوەتەوە.

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکان و بەرهەمهێنان، هیچ ڕووداوێک لەم ساڵدا ڕووی نەداوە ببێتە هۆی ڕاگرتنی کارەکانیان. بڕی  ٧٦ هەزار و ٣١٠ بەرمیلی نەوت ڕۆژانە تەنیا لە کێڵگەی تاوکێ بەرهەمهێنراوە لە چارەگی ئەمساڵدا، لە کاتێکدا بڕەکە ٦٥ هەزار و ٧٧٠ بەرمیل بوو لە چارەگی کۆتایی ساڵی پار. دوای مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیارانی ناوخۆ، نرخی بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەکە بۆ ٣٥-٤٠ دۆلار بەرز بووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بە داوای کۆمپانیاکە کردووە لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە بەهۆی گرێبەستەکانی میران و بنەباوی، داواکەش بەردەوامە. پێشبینی دەکرێت داواکە لە کۆتایییەکانی ٢٠٢٤ لە لایەن دادگای ناوەندگیری نێودەوڵەتییەوە یەکلایی بکرێتەوە.

کۆمپانیاکە پێشبینی ئەوە دەکات بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٤ بڕی سوودی لەسەروو ١٠٠ ملیۆن دۆلار بمێنێتەوە. هەروەها ئاماژەشیان بە دانوستانەکانی نێوان خاوەنپشکەکانی پێوەست بە بۆڕییەکانی نێوان عێراق و تورکیا داوە، بەڵام کاتی دەستکردنەوە بە هەناردەکردن دیار نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...