ئابووریهه‌واڵ

لە مانگی نیسان هاوردەی چین بەڕێژەی ٨.٤٪ بەرزبووەتەوە

هاوردەی چین لە مانگی نیساندا بە ڕێژەی ٨.٤٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش لە پێشبینییەکان زیاترە لەسەر بنەمای کڕینەکان لە ئەمریکا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئاژانسی گومرگی چین پێنجشەمی ڕابردوو، داتاکانی بڵاوکردەوە، کە دەریدەخات هەناردەکردنەکان هاوتەریب لەگەڵ چاوەڕوانییەکان لە مانگی نیساندا بەرزبوونەتەوە و هاوردەکردن زیاتربوون لەوەی پێشبینی دەکرا.

بەپێی لێکدانەوەی CNBC بۆ داتا فەرمییەکان، هاوردەکردنی چین لە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیا لە مانگی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە، سەرەڕای دابەزینی هەناردەکردن بۆ هەر سێ وڵاتەکە.

لە سەرانسەری جیهاندا، هەناردەی چین لە مانگی نیساندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی ١.٥٪ بەرزبووەتەوە بە دۆلاری ئەمریکی، بەڵام بەپێی داتاکان هاوردەکردن بە ڕێژەی ٨.٤٪بەرزبووەتەوە.

بەپێی ڕاپرسییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پێشبینی دەکرا هەناردەکردن بە ڕێژەی ١.٥٪ لە چاو ساڵی ڕابردوودا گەشەی کردبێت، هاوردەکردنیش بە بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر بە ڕێژەی ٤.٨٪ زیادیکردووە.

لە مانگی ئازاردا هەردوو هەناردەکردن و هاوردەکردن لە چاو ساڵی ڕابردوو دابەزینیان بەخۆوە بینی.

هاوردەی چین لە ئەمریکاوە لە مانگی نیساندا بە ڕێژەی ٩٪ بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر، بەڵآم هەناردەکردنی نزیکەی ٣٪ دابەزیوە.

ئەمریکا لەسەر بنەمای تاکە وڵات وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانی چین دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا کۆمەڵەی گەلانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گەورەترین هاوبەشی بازرگانی چینە لەسەر بنەمای ناوچەیی.

هەناردەی چین بۆ ئاسیا لە مانگی نیساندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٨٪ و هاوردەکردنیش بە ڕێژەی ٥٪ بەرزبووەتەوە.

هەناردەی چین بۆ یەکێتی ئەوروپا نزیکەی ٣.٥٪ دابەزیوە، لەکاتێکدا هاوردەکردنی نزیکەی ٢.٥٪ بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی داتاکان، لەماوەی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، هاوردە و هەناردە، لەلایەن چینەوە بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر بەرزبوونەتەوە.

بەگوێرەی قەبارە، هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل و شاشەی پانێڵی LCD و ئامێرەکانی ناوماڵ لە چین بەرزبوونەتەوە، هاوکات هەناردەی مۆبایل کەمێک دابەزیوە. هەروەها هەناردەکردنی کەشتییەکانیش دابەزیوە.

هاوردەی چین لە نەوتی خاو و گازی سروشتی بەرزبووەتەوە، هەروەها هاوردەی پۆڵا، پلاستیک، دەرمان و ئامێری ئۆتۆماتیکی پرۆسێسکردنی داتا و پارچەکانی. هاوردەکردنی کەرەستەی جوانکاری دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

کەمبوونەوەی خواستی ناوخۆیی، قورسایی لەسەر هاوردەکردن دروستکردووە، لەکاتێکدا هەناردەکردن کەوتووەتە ژێر هەندێک فشارەوە، بەهۆی خاوبوونەوەی خواستی جیهانی و گرژییەکان لەگەڵ گەورەترین هاوبەشی بازرگانی چین؛ ئەمریکا.

ئیدارەی بایدن داوای سێ هێندەی باج لەسەر پۆڵاکانی چین دەکات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر لە پاییزی ئەمساڵدا دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، باج بە ڕێژەی ٦٠٪ لەسەر کاڵا چینییەکان بەرز دەکاتەوە.

هەروەها پەتای Covid-19 وای لە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان کرد، کە زنجیرە دابینکردنەکانیان هەمەچەشن بکەن، دوور لە تەنیا پشتبەستن بە چین.

بەڵام شرۆڤەکارانی نۆمورا لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە پێدەچێت بەشێکی زۆری بازرگانییە لابراوەکان، هێشتا سەرچاوەیان لە چین بێت، یان کارگەکانی وەبەرهێنانی چینی لە وڵاتانی دیکە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە “بەدەر لە چین، کورتهێنانی بازرگانی ئەمریکا لەگەڵ تەواوی جیهان بەردەوام لە زیادبووندایە و نزیکە لە بەرزترین ئاستی پێوانەیی”.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی دەیەوێت کورتهێنانی بازرگانی خۆی لە ڕێگەی باجەوە کەم بکاتەوە، پێویستە باج لەسەر هەموو هاوردەکردنی ئەمریکا زیاد بکات.

 

ئا: جەلال هۆرێنی

سەرچاوە: cnbc

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...