ژینگه‌هه‌واڵ
ئاراستەکان

هێشتا هۆکاری بەکۆمەڵ مرداربوونەوەی نەورەسەکان دیار نییە

هێشتا ئەنجامی کۆتایی پشکنین و لێکۆڵینەوە لە مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان و دوورگە ئاوییەکانی دەڤەری ڕاپەڕین دەرنەکەوتووە و وەزارەتی تەندروستیش تیمی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسی کوشندەی نەورەسەکان بۆ مرۆڤ پێکدەهێنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ناوەندەکانی ڤێتێرنەری و پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەڤەرەکە، مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی نەورەسەکان لە دوورگە ئاوییەکانی دەڤەری ڕاپەڕین و دەریاچەی دوکان بە حالەتێکی “نامۆ” پێناسە دەکەن. لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، سەدان نەورەس لە سنورە ئاوییەکانی ڕاپەڕین و دوکان مرداربوونەتەوە. ئەنجامە سەرەتاییەکان کە لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری ڕاپەڕین لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕاگەیەندراون، ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای پەلەوەر لەناو نەورەسەکاندا دەکەن، لەکاتێکدا هەندێک لە ڕێکخراوەکانی ژینگەیی گومانیان هەبوو، ڕاوچییەکانی ماسی لەڕێگەی بەکارهێنانی ژەهرەوە یان بەکارهێنانی دەرمانی جیاجیا لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی لە سنورەکە، هۆکاری مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی نەورەسەکان بن.

دوێنێ شەممە، ١١ی ئایاری ٢٠٢٤، پۆلیسی دارستانی دوکان، بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی، ڕاپەڕین و تیمێکی پزیشکی بەشی پشکنین و تاقیگە و پزیشکانی ڤێتێرنەری دوکان، بەدواداچوونێکیان کرد بۆ دەریاچەی دوکان و دوورگە ئاوییەکانی دەڤەری ڕاپەڕین، کە بە دوورگەی نەورەسەکان دەناسرێن و نەورەسەکانی تێدا دەژین.

تیمەکە نموونەی لێکۆڵینەوەیان لە نەورەسە نەخۆش و مرداربوو و هێلکە و بێچووەکانیان وەرگرتووە. پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێ، ئەنجامی کۆتایی پشکنینەکە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەردەکەوێت.

لە ئەنجامی دەرچوونی تیمەکەدا دەرکەوتووە، ژمارەیەکی زیاتری نەورەسەکان لە دوورگە ئاوییەکانی دەڤەری ڕاپەڕین مرداربوونەتەوە و لە پلەی دووەمدا لە دەریاچەی دوکان. ئەوەش بۆ پزیشک و ستافی پشکنین و تاقیگەکان دەرکەوتووە کە نەورەسی سەر سپی زیاتر مرداربوونەتەوە وەك لە نەورەسی سەر ڕەش.

ناوەندەکانی ڤێتێرنەری و پۆلیسی دارستان و ژینگە، چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەن، کە بەگوێرەی ماوەی دیاریکراو دەبێت ئەمڕۆ یەکشەم تەواو ببێت.

هەر ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە فەرمانی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لێژنەیەکی پسپۆڕ سەردانی دەڤەری ڕاپەڕین دەکات بەمەبەستی بەدواداچوونی زانستی بۆ مرداربوونەوەی نەورەسەکان و بۆ ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی ڤێتێرنەری و چۆنیەتی ئەنجامدانی ڕووپێو و پشکنینی تاقیگەیی و دەستنیشانکردنی ھۆکارەکان “بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە ئەگەری گواستنەوەی ھەر ڤایرۆسێک لە نێوان باڵندە و مرۆڤدا”، لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...