هەولێر؛ باندێکی ساخکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیرکران
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/11/zed-press-band-draw-para-saxta-780x470.png)
زێدپرێس
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر، ڕایگەیاند، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی داوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، هێزەکانیان چوار تۆمەتباری سەرەکیی باندێکی ساخکردنەوەی دراوی ساختەیان دەستگیرکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تۆمەتباران بەناوەکانی (م. ڕ. س) و (م. ن. س) و (م. م. ڕ) و (أ. د. ع)، بڕێکی زۆر دراوی ساختەیان لە جۆرەکانی پێنج هەزاری تا پەنجا هەزاری “لەناو بازاڕەکانی شاری هەولێر” ساخکردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڤیدیۆیی، کە لە هەژماری تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە و ساتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان پیشان دەدات، باندەکە زۆرینەی پارەکەیان لە باڕەکان و یانەکانی شەوانەدا ساخ کردووەتەوە و هەر بەو دراوە ساختانە، ئافرەتانی سەماکەری ناو باڕ و یانەکانی شەوانەیشیان “هەڵخەڵەیاندووە”، وەک ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بۆ کردووە.