ناوی حەوت وەزارەت و دامودەزگا لە لیستی مووچەدا نین
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2024/04/mucha-bank-para-780x470.jpg)
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤، بڕی ٤٤٣ ملیار دینار وەک شایستەی مانگی نیسانی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. دواتر، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەیەکی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕاگەیاند.
بەگوێرەی خشتەکە، دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان، لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەکات و تا ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ دەخایەنێت.
خشتە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لانیکەم ناوی حەوت وەزارەت و دامودەزگای تێدا نییە، لەناویاندا: وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی، هێزی بەرگری و فریاکەوتن، هێزەکانی یەکەی حەفتا و هەشتا، هێزەکانی زێرەڤانی، ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش و پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان.
وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەڵێ، خشتەی دابەشکردنی مووچەکە، بەگوێرەی ئەو تەرخانکردنە داراییە ئامادەکراوە، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە نێردراوە.