هه‌واڵ

پلاسخارت: نەتەوەیەکگرتووەکان عەسای سیحری پێ نییە

جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دوای کۆتاییهاتن بە کارەکانی لە عێراق، پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پلاسخارت لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە”.

 

دەقی پەیامی ماڵئاوایی لە جێنین هێنیس-پلاسخارتەوە:

 

لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە، ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەموو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتووە و لەگەڵیاندا کارم کردووە، دەرببڕم.

 

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕوان، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربووم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژووی خۆیان ڕوون دەکردەوە. هەرچەندە زۆرێك لەوانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی سەرخت بوونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەك بۆ ڕۆژانی داهاتوو دەدرەوشایەوە. ئەوان پێشوازییان لە من و هاوکارانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە شارۆچکە و ماڵەکانیاندا، بانگهێشتیان کردووین بۆ بەشداریکردن لە ژەمێك یان بۆنەیەك و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و جوانییە بێئەندازەکەی عێراق. لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسك هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبووە. بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم.

 

هەروەها بەڕاستی کۆبوونەوە و گفتوگۆیە پیشەگەرانەکان بەرزدەنرخێنم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانمان هەمانبووە، هەر لە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمی و سەرۆك عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکانەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پارێزگا و نیشتمانی و دادوەر و بەرپرسانی ئەمنی و سیاسەتمەداران. شایەنی باسە کە تێڕوانین و دیدگاکانیان زۆر شتیان فێرکردین و ڕێنمایی کارەکانمانیان کردووە. لە هەندێك لەو کۆبوونەوانەدا تاکەکان جیاوازی ڕۆژانەیان وەلاوەدەنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ عێراق لە کاتە گرنگەکاندا. هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر من بەجێهێشتووە و بێگومان هەرچەند سوپاسگوازی دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق بم هێشتا کەمە، کە لە ڕێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردووە و کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پاراستووە.

 

هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دووربووە لە ڕەخنەکان – هەندێکیان ڕەوا بوون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بووە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و  چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی ڕێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە چی دەگەیەنێت تێگەیشتوون، زۆر دڵخۆشی کردووین. وەك زۆر جار وتوومە نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان. لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان یەك کاری لەپێشینەی سەرەکی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە.

 

دیسانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەرببڕم کە پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بە من بە تایبەتی کراوە.

 

هەربژی عێراق

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...