ئابووریهه‌واڵ

ناوی نزیکەی چوار هەزار فەرمانبەر ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق کراوە

لەماوەی مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا، لیستی ناوی سێ هەزار و ٩١٧ فەرمانبەری وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی کردنەوەی هەژماری بانکی، ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ناوەڕاستی ئایاری ٢٠٢٤ەوە کە یەکەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی کردنەوەی هەژماری بانکی و لەچوارچێوەی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) کرا، تا ئێستا بە چوار جار لیستی ناوی سێ هەزار و ٩١٧ فەرمانبەری وەزارەتە جیاجیاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکەکە کراون.

لە ١٦ی ئایاردا، وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی ناوی ٣٦٨ فەرمانبەری وەزارەتە جیاجیاکانی ئاڕاستەی بانکەکە کرد و ڕایگەیاند، هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکرێت، لە ناو و زانیاری ئەو فەرمانبەرانەی لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیاندا، خوازیارن هەژماری بانکییان لەو بانکەدا بکەنەوە.

لە ٢٣ی ئایاریشدا، دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ناو و زانیاری ٤٥٣ فەرمانبەری لەخۆدەگرت، ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق کرا و سێیەم گەورەترین لیستی فەرمانبەرانیش کە ناو و زانیاری دوو هەزار و ٥٥٧ فەرمانبەری هەرێمی کوردستانی لەخۆدەگرت، لە ٣٠ی ئایاردا ئاڕاستەی بانکەکە کرا و وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی ئەو مووچەخۆرانەی بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی، بانکەکە هەڵدەبژێرن.

پێنجشەمی ڕابردوو ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، چوارەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق کرا، لیستەکە بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، زانیاری ٥٣٩ فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە.

لەکۆی سێ هەزار و ٩١٧ فەرمانبەر کە ناو و زانیارییەکانیان ئاڕاستەی بانکەکە کراوە، تا ئێستا لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقەوە، تەنیا یەک کۆمەڵە کارتی بانکی ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، کە ٣٦٨ کارتی بانکییە و ئەوەش هەمان ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەیە، کە لە ١٦ی ئایاردا و وەک یەکەمین لیستی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ڕادەستی بانکەکە کراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە سەرجەم ڕاگەیەندراوەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بانکیی بازرگانیی عێراق بەشێکە لە پڕۆژەی “هەژماری من” و لە ٨ی ئایاریشەوە، ناوی بانکەکە خراوەتە سەر ماڵپەڕی فەرمی “هەژماری من”ەوە. بەڵام بانکەکە خۆی، وەک لە ڕوونکردنەوەکەی ڕۆژی ١٤ی ئایاردا ڕایگەیاندووە “بەشداری بانکی بازرگانیی عێراقی لە چوارچێوەی بانکە حکوومییەکان دەبێت بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”.

پێشتر دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لەسەر بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بانکە حکوومییە فیدڕاڵییەکانەوە داوە و ئەوەش وەک مەرجی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە.

پڕۆژەی “هەژماری من” کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێداگیری لەسەر دەکرێت، بە پێچەوانەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵییەوە، پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بانکە تایبەتەکان یەکلادەکاتەوە، ئەوەش ناکۆکی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی داتاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا ناوی ٤٠٠ هەزار فەرمانبەر لە لایەن بانکەکانی بەشدار لە پڕۆژەی “هەژماری من” تۆمار کراوە، لەکۆی زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان.

ئەگەر لە هەر مانگێکدا بانکیی بازرگانیی عێراق تەنانەت لیستی ناوی چوار هەزار فەرمانبەریش وەربگرێت و هەژماری بانکییان بۆ بکاتەوە، پڕۆسەی تۆمارکردنەکە بۆ تەنیا ٦٠٠ هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، پێویستی بە زیاتر ١٢ ساڵ هەیە تەنیا بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ ٦٠٠ هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...