هه‌واڵ

وەزارەتی کارەبا: زیادکردنی نرخی کارەبا ڕاست نییە

زێدپرێس

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەواڵ و دەنگۆی زیادکردنی نرخی کارەبا ڕەت دەکاتەوە.

لە بەرانبەر ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی بەتایبەت لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، لەبارەی گرانکردنی نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، “هەندێ پەیجی سۆشیال میدیا بۆ لاڕێدابردنی ڕای گشتی و خۆدەرخستن و لە پێناو هەندێ لایک و فالۆو دەستیان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست لەبارەی کرێی کارەبا کردووە”.

وەزارەتی کارەبا، هاووڵاتیان و هاوبەشانی کارەبا بە هەموو پۆلەکانییەوە دڵنیا دەکاتەوە “بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە نرخی کارەبا نەکراوە و تەنیا ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی بە High Cost ناسراون، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نموونەیی ئەزموونەییدا کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە و چاودێریی دەرئەنجامەکانیشی دەکەین. بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم بابەتە، بووەتە بڕیار و لە وەقایعیی کوردستان بڵاو کراوەتەوە”.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەشدا هاتووە، “وەزارەتی کارەبا بە مافی خۆی دەزانێت سکاڵا لەسەر ئەوانە تۆمار بکات هەواڵ و زانیاریی ناڕاست و مەبەستدار لەبارەی کار و چالاکییەکانی ئەم وەزارەتە خزمەتگوزارییە بڵاو دەکەنەوە”.

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا، دوای ئەوە هات، کە هەواڵ و دەنگۆی گرانکردنی نرخی کارەبا لەلایەن چەند کەس لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە و ئەوەش نیگەرانی زۆری هاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...