وەزارەتی ناوخۆ: لێرە بەدواوە دان بە هیچ گوندێکی نوێدا نانرێت
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2024/02/gund-de-lade-780x470.jpg)
دوێنێ دووشەم، ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕێنمایی ژمارە ٢ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرا. ڕێنماییەکە تایبەتە بە فرەوانکردن و گواستنەوەی گوند لە هەرێمی کوردستاندا. لە ماددەی دووەمی ڕێنماییەکەدا، چەند مەرجێک بۆ فرەوانکردن و گواستنەوەی گوندەکان دیاریکراوە، لەناویاندا ئەگەر شوێنی پێویست بۆ نیشتەجێبوون لەناو گوندێکدا نەمابێت؛ فرەوانکردن و گواستنەوە لەسەر داوای ٢/٣ی دانیشتووانی ڕەسەنی گوندەکە؛ هەروەها زەوی پێویست بەردەست بێت کە لەگەڵ حەرەمی گوندەکە هاوسنور بێت بۆ فرەوانکردنی حەرەمی گوند و هاوکات پێویستە زەوییە پێشنیازکراوەکە لە جۆری بەردەڵان بێت و لەکاتی نەبوونی زەوی بەردەڵاندا سوود لە زەوی کشتوکاڵی وەردەگیرێت.
ڕێنماییەکە چەندین ڕێکاری بۆ فرەوانکردن و گواستنەوەی گوندەکان دیاریکردووە و لە ماددەی سێیەمیشیدا هاتووە کە فرەوانکردنی گوندەکان و گواستنەوەی شوێنیان، ئەو گوندانە ناگرێتەوە کە دەکەونە ناو ماستەرپلانی شار و یەکە کارگێڕییەکان و قەدەغەکراوەکان.
لە ماددەی چوارەمی ڕێنماییەکەدا هاتووە، کە ئەو گوندانەی تا دەرچوونی ڕێنماییەکە هەن و لەسەر پارچە زەوییەکی دیاریکراو دروستکراون و گوندنشینان تێیدا نیشتەجێن، هێنانەکایەیان بۆ دەکرێت، بەڵام لە دوای ئەم ڕێنماییەوە هێنانەکایە بۆ هیچ گوندێکی نوێ ناکرێت.
دەقی ڕێنماییەکە