هه‌واڵ

کۆمسیۆن دەرگای دامەزراندن بۆ کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکاتەوە

دەرگای پێشكەشكردنی داواکاری بۆ کارکردن وەک ستافی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو کەسانە دەکرێتەوە كە پێشتر دەرفەتی پێشكەشكردنی داواکارییان نەبووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندن و کارکردن وەک ستافی چاودێری دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردەوە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر دەرفەتی پێشکەشکردنی داواکارییان نەبووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەی کۆمسیۆن، ماوەی پێشکەشکردن لە ئەمڕۆ پێنجشەم ٤ی تەمووزی ٢٠٢٤ەوە دەست پێدەکات و تاوەکوو ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت و پێشکەشکردنەکە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەگرێتەوە.

بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەم توێژانەی خوارەوە مافی پێشکەشکردنی داواکارییان هەیە:

  • فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکانی دەوڵەت، جگە لە هێزەکانی ئاسایش و هێزە سەربازییەکان.
  • خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا و دەرچووان، بە مەرجێک ئەوانەی خوێندنیان تەواوکردووە بڕوانەمەکەیان لە (ئامادەیی) کەمتر نەبێت.

 

پێشکەشکردنی داواکاری

 

هاوکات کۆمسیۆن لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێ، ئەوانەی پێشتر لە مانگی نیسانی ڕابردوودا فۆڕمی داواکارییان بۆ کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان پڕ کردووەتەوە، کە بڕیاربوو لە ١٠ی حوزەیران هەڵبژاردنەکە بکرێت و پاشان بۆ ٢٠ی تشرینی یەکەم دواخرا، پێویست ناکات دووبارە فۆڕمی داواکاری پڕ بکەنەوە، بەو مەرجەیە کۆپی فۆڕمەکە و بەڵگەنامەکان بۆ یەکێک لە بنکەکانی کۆمسیۆن گەڕابێتەوە.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، سەرجەم ئەوانەی داواکارییان پێشکەشکردووە، ناوەکانیان لە ئۆفیسی نیشتمانی لە بەغدا پارێزراوە و دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوە نوێیەی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری دیاریکراوە، بەیەکەوە تیروپشک بۆ ناوەکان دەکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...