هه‌واڵ

بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی: هیچ سزادراوێک بۆ کاری نەشیاو نەبردراوەتە دەرەوەی زیندان

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، ڕەتی دەکاتەوە، هیچ زیندانییەک بۆ کاری نەشیاو بردرابێتە دەرەوەی زیندان یان مامەڵەی “نامرۆیی و نائەخلاقییان” بەرانبەر کرابێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا، وەڵامی سەرۆکی پێشووتری فەرمانگەی داواکاری گشتی لە سلێمانی دەداتەوە و لێدوانەکانی ڕەت دەکاتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕەتی دەکاتەوە، هیچ زیندانییەک بۆ کاری نەشیاو بردرابێتە دەرەوەی زیندان/چاکسازییەکان و یان مامەڵەی نامرۆیی و نائەخلاقییان لەگەڵ کرابێت.

ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی، دوا بە دوای دیدارێکی ڕۆژنامەوانی دادوەر ناز نووری سەرۆکی پێشووتری فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی دێت، کە لە زاری ئافرەتێکی زیندانییەوە ڕایگەیاندبوو، شەوان بۆ کاری نەشیاو بردراوەتە دەرەوەی زیندان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی، دەڵێ، قسەی هەر زیندانییەک وەک ڕاستی وەرناگیرێت و پێویستی بە بەڵگە و سەلماندن هەیە و بردنە دەرەوەی هەر سزادراوێک پێویستی بە چەندین ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی هەیە و تەواوی ڕاڕەو و هۆڵ و  بەشەكانی چاكسازی پەیوەستكراوە بە سیستەمی كامێرای چاودێرییەوە.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستاندا کاری کردووە بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان و خاچی سووری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان و پەرلەمان و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ ،

بە داخەوە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە یەکێک لە میدیاکاندا سەرۆكی پێشوتری فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی هەندێک بابەتی ئاماژە پێداوە سەبارەت بە ڕەوشی چاکسازییەکان لە ڕابردوودا کە کۆمەڵێک زانیاری ناڕاست و هەڵبەستراوی تێدایە و دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە کە ئەو بابەتانە دوورە لە ڕاستییەوەو باسی ساڵی (٢٠٠٣) دەكات و هیچ پەیوەندی بە چاكسازیەوە نیەو چاوپێكەوتنەكەش مێژوەكەی بۆ دوساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە ،

بەداخەوە بەڕێزیان كەسێكی یاسایین خۆ ناكرێت هەموو قسەی سزادراوێك وەك ڕاستی وەربگیرێت و پێوستی بە بەڵگەو سەلماندن هەیەو بردنە دەرەوەی هەر سزادراوێك چەندین ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی پێویستە ,وە تەواوی ڕاڕەوو هۆڵ و  بەشەكانی چاكسازی پەیوەست كراوە بەسیستمی كامێرای چاودێری ،

چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠٠٨) دامەزراوە وەک ناوەندێك بۆ ئەو کەسانەی کە بە ماددەیەکی یاسایی سزادراون و بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، هەر لەو چوارچێوەیەدا بە بەردەوامی ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان، پەرلەمان و دەستە جیاوازەکان ، چاودێری ڕەوشی چاکسازیەکان دەکەن و چەندین دام و دەزگای جیاواز لەناوخۆ و دەرەوە سوپاس و پێزانینیان هەبووە بۆ كار و پڕۆژە و چالاكییەكانی چاكسازییەكانمان، لەهەمان كاتدا لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەش چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە باشترینەكانن.

بە داخەوە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە ئێستاداو ئەو لێدوانەی سەرۆکی پێشووتری فەرمانگەی داواکاری گشتی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان و وروژاندنی هەستی خەڵکی کوردستانە کە دوورە لە ڕاستییەوە ، جارێکی دیکە ئەو لێدوانانە ڕەت دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی بە هەماهەنگی وەزارەتی کار و دامودەزگاکان وەک لایەنێكی ستراتیژ لە کابینەی نۆیەمدا کاری کردووە لەسەر پتەوکردنی چاکسازییەکان و ڕاهێنانەوەی ئەو کەسانەی بە ماددەیەکی یاسایی سزادراون ، لەهەمان كاتدا چەندین پرۆگرامی چاکسازی و سیمینارو خولی ڕاهێنانی جیاوازیان لەگەڵ ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی وەك کەسێکی ئاسایی بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگا نەک ئەوەی کە کاری نەشیاو یاخود مامەڵەی نامرۆیی و نائەخلاقیان بەرامبەر بکرێت .

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...