هه‌واڵ
ئاراستەکان

١٦٢ گوند بەهۆی هێرشەکانی تورکیا چۆڵکراون و زیاتر لە ٦٠٢ گوندیش لە ژێر مەترسی چۆڵبووندان

ڕێکخراوێکی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت، “ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی (١٦٢) گوند لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە (٦٠٢) گوندیش لە ژێر مەترسی چۆڵبووندان”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی، نوێترین ڕاپۆرتی چاودێری لەبارەی “دواین ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان” بڵاوکردەوە و لە خوارەوە دەقی ڕاپۆرتەکە خراوەتەڕوو:

 

لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، سوپای تورکیا دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و لە شەش گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامدا. لە ٢٥ی حوزەیراندا، سوپاکە زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد. لە ڕۆژی دواتردا سوپای تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازی نوێ لەسەر لوتکە چیای گوندەکانی کانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمکە، بلیجان، کۆرکا و گرێ بی لەسنوری قەزای باتیفا. لە ساتەوەختی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیاوە، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکات. دانیشتووانی گوندی دەرگەلێ موسا بەگی، بە ڕێکخراوی CPT یان ڕاگەیاند کە لە ڕۆژی ٢٧ی حوزەیراندا، سەربازانی تورکیا چوونەتە ناو گوندەکەیان و ناچاریان کردوون کە گوندەکەیان جێبهێڵین.

 

ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا، لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و لەسەر زەمین ئەنجامدەدرێت. لە دەڤەری بەرواری باڵادا سوپای تورکیا بە قوڵایی (١٥) کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. پێشتر و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی – هەورە بروسکەدا سوپاکە بە قوڵایی (٧) کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتبوو و بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو.

 

لە سەرەتای دەسپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا تاوەکو ئێستا، تورکیا (٢٣٨) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و زۆربەی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک بوون. بەهۆی ئەم بۆردوومان و هێرشانە، زیاتر لە (٢٠) هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، بەتایبەتی لە گوندەکانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ و ئاشکێ دێرێ لە قەزای ئامێدی. سەرباری ئەوە، نزیکەی (٥٥٪)ی دارستان و ڕەز و باخی هاووڵاتییانی مەدەنی گوندی سەرگەلێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سوتاون. ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی (١٦٢) گوند لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە (٦٠٢) گوندیش لە ژێر مەترسی چۆڵبووندان.

 

دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ بۆ CPT پشتڕاستیانکردەوە کە لە بەرەبەیانی ٤ی تەمووزدا، هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی (٤٥) زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون. ئەمەش بووەتە هۆی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو گوندەکەدا. گوندنشینانی سەرگەلێ، ترسیان هەیە کە ئامادەیی سەربازی سوپای تورکیا و پێکدادانی پەکەکە و سوپای تورکیا لەناو گوندەکەدا درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینان و چۆڵبوونی گوندەکەیان.

 

لەسەرەتای کانوونی دووەمەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سوپای تورکیا (١٠٧٦) هێرش و بۆردمانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە (٥٢٦) هێرش و بۆردمان بۆسەر پارێزگای دهۆك، (٤٠٥) هێرش و بۆردمان لە سنوری پارێزگای هەولێر، (١٣٥) هێرش و بۆردمان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و (١٠) هێرشی تریان بۆسەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون. لە (٩٣٪)ی بۆردمانەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجامدراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣، سوپای تورکیا (١٥٤٨) جار بۆردمان و هێرشی بۆسەر خاکی  هەرێمی کوردستانی ئەنجامدابوو.

 

سەرباری شەهیدبوونی (٨) هاووڵاتی مەدەنی لەم ساڵدا، لە هێرشەکانی سوپای تورکیادا ژێرخانی ئابووری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون و زیانییان بەرکەوتووە. لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، قوتابخانەی گوندی مژێ لە لە قەزای ئامێدی بووە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بەتەواوی وێرانکرا. لە دواین ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیادا، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، کەنیسەی گوندی میسکا لە قەزای ئامێدی زیانی بەرکەوت. لە ئێوارەی ڕۆژانی ٤ و ٥ی تەمووزدا، دوو پارچە تۆپ لەناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ کەوتنە خوارەوە و سەرباری زیان گەیاندن بە خانووی سێ هاووڵاتی مەدەنی، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیش زیانی بەرکەوت.

 

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەدواین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و کاریگەرییەکانی بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی و سەر و ماڵی گوندنشینان دەڕوانێت. لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترسمان هەیە لە ئاوارەبوونی سەدان خانەوادەی مەدەنی لە سنوری قەزای ئامێدی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button